ریال مەدرید دەچێتە ئێران


رووداو – ئارینا حەمید

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بە تەواوی پێكهاتەكەی، خۆی بۆ یاری لەگەڵ یانەی پێرسپۆلیسی ئێرانی ئامادە دەكات.

ماڵپەڕی ئیسنای ئێرانی بڵاوی كردەوە، یانەی پێرسپۆلیس چەند هەفتەیەك پێش ئێستا لە رێگەی هەوادارێكی ئێرانی، كە نزیكە لە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید، داواكاری خۆیان پێشكەش بەو یانەیە كردووە بۆ ئەنجامدانی یارییەكی دۆستانە لە تاران بەرامبەر یانەی پێرسپۆلیس، لە بەرامبەردا سەرۆك و دەستەی كارگێڕیی یانەی ریال مەدرید دوای قسەوباس لەسەر ئەو داواكارییە، رەزامەندییان دەربڕیووە.

بە پێی هەواڵەكە، بڕیارە تا كۆتایی ئەم هەفتەیە نووسراوی فەرمیی ریال بگاتە یانەی پێرسپۆلیس.
لە درێژەی هەواڵەكەدا هاتووە، ریال مەدرید بە تەواوی ئەستێرەكانییەوە لە سەرووی هەموویانەوە، كریستیانۆ رۆناڵدۆ ، ئیكەر كاسیاس، كەریم بن زیما،
 سێرجیۆ رامۆس و گاریس بێڵ و هەروەها دەستەی راهێنەرانی كارلۆ ئەنچیلۆتی و زەینەدین زێدان سەردانی تاران دەكەن، كە ئەمە پێشهاتێكی گەورەیە لە مێژووی وەرزشی ئێراندا.
هەر بە گوێرەی سەرچاوەكە، بڕیار وایە لە كۆتایی ئەم هەفتەیە وادەی ئەنجامدانی یارییەكە دیاریی بكرێت .