بارسا و مان یونایتد رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی ئەستێرەیەکی پرێمەرلیگ دەکەن

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەکانی بارسێلۆنا و مانچێستەر یونایتد رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی ئەستێرەیەکی پرێمەرلیگ دەکەن. 
 
بەپێی میدیاکان، ئامادۆ ئۆنانا، یاریزانی بەلجیکی و ئەستێرەی یانەی ئێڤەرتن بە ئاستە ناوازەکەی سەرنجی چەندین یانەی گەورەی ئەوروپای بۆخۆی راکێشاوە، لە نێویشیاندا هەردوو یانەی مانچێستەر یونایتد و بارسێلۆنان کە هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوە یاریزانەکە دەستپێکردووە. 
 
ئۆنانای تەمەن 22 ساڵ، بە یەکێك لە باشترین یاریزانەکانی چەق لە پرێمەرلیگ دادەنرێت، ئەوەی وایکردووە ئەستێرە بەلجیکییەکە سەرنجی یانە گەورەکان بۆخۆی رابکێشێت خێرایی و توانا جەستەییە نایابەکەیەتی کە وایکردووە لە رووی بەرگرییەوە پتەو بێت و ئاستێکی ناوازە لە چەقی یاریگەدا پێشكێش بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاستی تەکنیکی بەرزە و دەتوانێت جگە لە چەق، لە هێڵەکانی پێشەوەش یاری بکات و لە بونیادنانی هێرشدا بەشداری بکات. 
 
گرێبەستی ئۆنانا لەگەڵ ئێڤەرتن تاوەکو ساڵی 2027ـە و یانەکە دەیەوێت سوود لەوە وەرگرێت کە هێشتا گرێستەکەی چوار ساڵی ماوە و بەپێی هەواڵەکان، ئێڤەرتن داوای 48 ملیۆن پاوەند لە هەر یانەك دەکات کە بیەوێت یاریزانەکە بگوازێتەوە ریزەکانی. 
 
ئێریك تێن هاگ، راهێنەری یانەی مانچێستەر یونایتد دەیەوێت ئەو بۆشاییەی لە هێڵی ناوەڕاستی یانەکە بەهۆی پێکان و دابەزینی ئاستی کاسیمیرۆوە دروستبووە پڕبکاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش دەیەوێت بە هەر جۆرێك بێت ئۆنانا پەلکێشی یانەکە بکات. 
 
گرێبەستکردن لەگەڵ ئەستێرە بەلجیکییەکە بۆ مان یونایتد کارێكی ئاسان نابێت، چونکە لەلایەکی دیکەوە یانەی بارسێلۆناش هاتووەتە سەر ‌‌هێڵ و پەیوەندی بە بەڕێوبەری کارەکانی ئۆناناوە کردووە، چاڤی، راهێنەری یانە ئیسپانییەکە پێیوایە ئۆنانا دەتوانێت شوێنگرەوەیەکی باشی گابی بێت کە بەهۆی پچڕانی بەستەرەکانی ئەژنۆیەوە ئەم وەرزە بۆی کۆتایی هاتووە و تاوەکو هاوینی ساڵی داهاتوو ناگەڕێتەوە.
 
ئامادۆ ئۆنانا، سەرەتای وەرزی رابردوو بە گرێبەستێك بەبڕی 35 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی لیلی فەرەنسییەوە پەیوەندی بە ئێڤەرتنەوە کرد، لەم وەرزەدا لەگەڵ یانەکەی بەشداری لە 17 یاریدا کردووە و 2 گۆڵ و ئاسیستێکی هەیە.