ڤیدیۆ؛ شەڕێکی گەورە روویدا و 5 یاریزان کارتی سووریان وەرگرت

 
رووداو دیجیتاڵ

لە خولی پلە دووی تورکیا لە یاریی نێوان هەردوو یانەی بورسا سپۆر و دیاربەکر سپۆر شەڕ و ئاژاوەیەکی گەورە روویدا و 5 یاریزان لە یارییەکەدا کارتی سووریان پێدرا.
 
یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی حەڤدەیەمی خولی پلە دووی تورکیا و لە کۆمەڵەی سپی، لە یاریگەی بورساسپۆر بەڕێوەچوو.
 
یانەی دیاربەکر سپۆری باکووری کوردستان لە یارییەکەدا دوو گۆڵی تۆمارکرد و لەپێشەوە بوو و نزیکبوو سێ خاڵی یارییەکە بباتەوە، بەڵام لە دوایین خولەکەکانی یارییەکەدا یاریزانانی یانەی بورساسپۆر شەڕ و ئاژاوەیەکی گەورەیان نایەوە و یارییەکە گرژییەکی زۆری تێکەوت.
 
یاریزانانی هەردوولادا پەلاماری یەکدیاندا و یاریگە بووە مەیدانی شەڕێکی گەورەی یاریزانانی هەردوو یانە، بەو هۆیەوە 2 یاریزان لە یانەی بورساسپۆر و 3 یاریزان لە دیاربەکر سپۆر بە کارتی سوور کرانە دەرەوە.
 
دوای ماوەیەکی زۆر و هاتنە ناوەوەی پیاوانی ئاسایش پارێزی یاریگە یارییەکە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندیی یانەی دیاربەکر سپۆر کۆتاییهات و یانەکە سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا.
 
دروستبوونی ئەم شەڕ و ئاژاوەیە لە یاریگەی یانەی بورساسپۆر لەکاتێکدایە، ساڵی رابردووش هاندەرانی یانەکە لە یاریگەی خۆیان هێرشیانکردە سەر یاریزانانی یانەی ئامەد سپۆری باکووری کوردستان و یاریزانەکانیشیان شەڕ و ئاژاوەیان لەگەڵ یاریزانانی یانەکەی باکووری کوردستان دروستکرد.
 
ئەم رووداوە سێیەم رووداوی لەمشێوەیەیە لەماوەی تەنیا دوو هەفتەی رابردوودا لە تۆپی پێی تورکیادا روودەدات، دوای ئەوەی لە یاریی ئەنقەرەگوجو و ریزا سپۆر سەرۆکی ئەوەی یەکەمیان هێرشیکردە سەر ناوبژیوانێک و لێیدا و لە یاریی ئیستەنبوڵ سپۆر و ترابزۆن سپۆر بەهۆی هەژمارنەکردنی لێدانێکی سزاوە، سەرۆکی یانەی ئیستەنبوڵ سپۆر چووە نێو یاریگە و داوای لە یاریزانەکانی کرد لە یارییەکە بکشێنەوە، بەم هۆیەشەوە یارییەکە تەواونەکرا و دواخرا.