دوای لەدەستدانی مۆندیال دوو یاریزانی فەرەنسی رووبەڕووی رەگەزپەرستی دەبنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی لە یاریی کۆتایی مۆندیالدا، لێدانی یەکلاکەرەوەیان لەدەستدا و هەڵبژاردەکەشیان نازناوەکەی لە بەرژەوەندی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لەدەستدا، هەریەکە لە ئورلیێن چوامینی و کینگێسلی کۆمان رووبەڕووی رەگەزپەرستی بوونەتەوە.
 
میدیای فەرەنسا و بەریتانیا بڵاویانکردەوە، هەردوو یاریزانەکە بوونە قوربانی دوای ئەوەی لێدانی یەکلاکەرەوەیان لەدەستدا و لە سۆشیاڵ میدیادا، قسەی ناشرین و رەگەزپەرستیان لەلایەن بەشێکی هاندەرانەوە بۆ دەنووسرێت.
 
ئورلیێن چوامینی لێدانی یەکلاکەرەوەی لەدەستدا و کۆمانیش تۆپەکەی هاوێشتە دەرەوە، ئەمە بووەتە هۆکاری تووڕەیی بەشێکی هاندەرانی فەرەنسا و قسەی دوور لە گیانی وەرزشی بۆ یاریزانەکان دەنووسن.
 
ئەمە یەکەمجار نییە لەسەر ئاستی هەڵبژاردەکان ئەمە روودەدات، پێشتر لە یۆرۆی 2020 دوای ئەوەی ئینگلتەرا بە ئیتاڵیا دۆڕا، هاندەرانی ئینگلتەرا هێرشیانکردە سەر هەریەکە لە بوکایۆ ساکا، مارکۆس راشفۆرد و جادۆن سانچۆ.
 
چوامینی دەڵێت " بەدڵنیاییەوە داهاتووی هەڵبژاردەی فەرەنسا باشتر دەبێت، من پێش هەموو کەسێک هەست بە نیگەرانی دەکەم کە نازناوەکەمان لەدەستدا."