نەیمار بەنرخێکی خەیاڵی شوقەیەک لە دوبەی دەکڕێت
رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، تایبەتمەندییەکانی ئەو شوقە گرانبەهایەیان ئاشکرا کردووە کە ئەستێرەی بەرازیلی نەیمار دا سیلڤا، یاریزانی یانەی هیلالی سعودی، بەم دواییە لە دوبەی کڕیویەتی.
بەپێی ئەوەی رۆژنامەی ئێلئسپانۆڵ بڵاویکردووەتەوە، نەیمار بڕی 55 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بۆ شوقەیەکی گرانبەها لە دوبەی خەرجکردووە، کە هەموو تایبەتمەندییە سەرنجڕاکێشەکانی تێدایە.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەو شوقەیەی نەیمار ئەوەیە کە بەرزکەرەوەیەکی تایبەت لەخۆدەگرێت کە دەتوانێت ئۆتۆمبێلی یاریزانەکە راستەوخۆ بگوازێتەوە بۆ نێو یەکەی نیشتەجێبوونی، جگە لە مەلەوانگەیەکی تایبەت کە دیمەنێکی پانۆرامای ئاسمانی ناوەندی شاری دوبەی دەردەخات.
هەروەها شوێنەکە سەنتەرێکی لەشجوانی و یانەیەکی تایبەتی ئەندامانی خێزانیی هەیە، جگە لەوەی لە هەموو لایەکەوە دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی دوبەی دەبینرێن.
رۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی باس لەوە دەکرێت کە گرێبەستە زەبەلاحەکەی نەیمار لەگەڵ یانەی هیلال نزیک دەبێتەوە لە هەڵوەشاندنەوە، بەڵام پارەیەکی زۆری لە شوقەکەی لە دوبەی خەرجکردووە.
رۆژنامەکە ئاشکراشیکردووە، کڕینی ئەم موڵکە لەلایەن نەیمارەوە لە دوبەی لەوانەیە ئاماژەیەک بێت بۆ ئەوەی کە ئەگەری هەیە ئامادەبێت بۆ مانەوە بۆ ماوەیەکی زیاتر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
راپۆرتەکانی دیکەش ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەستێرە بەرازیلییەکە لەم دواییانەدا پارچە زەوییەکی لە کەنار ئاوەکانی مەیامی بەبڕی 20.5 ملیۆن پاوەند کڕیوە، هەروەها هەوڵدەدات دوورگەیەکی تایبەت بە بەهای 7 ملیۆن پاوەند لە کەناراوەکانی بەرازیل بکڕێت.
ئێستا نەیمار بەهۆی پێکانەوە لە ماسوولکەکانیدا بەشداری یارییەکان ناکات، کە دوای گەڕانەوەی لە ماوەی زیاتر لە ساڵێک دوورکەوتووەتەوە، بەهۆی پێکانێکی قورس لە بەستەرەکانی ئەژنۆیدا.
بەڵام راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانی سعودیە لەسەر زاری سەرچاوەیەکی یانەی هیلالەوە بڵاویانکردووەتەوە، هەموو ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە ئەگەری رۆشتنی نەیمار دەکەن بەتەواوی دوورن لە راستییەوە.
نەیمار لەم وەرزەدا بۆ ماوەی چەند خولەکێک، لە کاتی یارییەکانی یانەی هیلال بەرامبەر عەینی ئیماراتی و ئیستقلالی ئێرانی بەشداری کرد و هیچ گۆڵێکی تۆمارنەکرد و هیچ ئەسیستیکیسی نەبوو.