لە ساڵیادی بردنەوەی مۆندیالدا مێسی ریکۆردێکی مێژوویی تۆمار دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی لەبەردەم تۆمارکردنی ریکۆردێکی مێژووییدایە. 
 
رۆژی 30ـی مانگی 11، شەش درێسی مێسی کە بۆ یارییەکانی جامی جیهانی 2022 لە قەتەر پۆشیبووی دەخرێنە زیادکردنێکی ئاشکراوە و پێشبینی دەکرێت ریکۆردێکی نوێ تۆماربکات و نرخی درێسەکان 10 ملیۆن دۆلار تێپەڕێنێت. 
 
بەپێی میدیاکان، ئەو شەش درێسەی مێسی ئەوانەن کە بۆ یاری کۆتایی دژی فەرەنسا، پێش کۆتایی دژی کرواتیا، قۆناخی هەشت بەرامبەر هۆڵەندا و لە قۆناخی کۆمەڵەکان بەرامبەر سعودیە و مەکسیك لەبەری کردوون و ئێستا دەیەوێت لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بیانفرۆشێت. 

 

 
ساڵی رابردوو درێسی مایكڵ جۆردانی ئەفسانەی پێشوی یاری باسکە کە بۆ یاری کۆتایی خولی باسکەی ئەمریکا لە ساڵی 1998 پۆشیبووی، لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بە نرخی 10.1 ملیۆن دۆلار فرۆشرا کە ئەمە ژمارەی پێوانەییە و نرخی هیچ کاڵایەکی وەرزشی بەو ژمارەیە نەگەشتووە، بەڵام بەپێی پێشبینییەکان درێسەکانی مێسی بە نرخێکی زیاتر دەفرۆشرێن و ژمارەکەی مایکڵ جۆردان دەشکێنن. 

 

 
لە یاری تۆپی پێدا گرانترین کاڵا کە فرۆشرابێت، درێسەکەی دیێگۆ مارادۆنایە کە لە جامی جیهانی ساڵی 1986 بەرامبەر ئینگلتەرا یاریی پێکردبوو، سەرنجراکێشی درێسەکە لەوەدایە کە مارادۆنا لەو یارییەدا بە دەست گۆڵی تۆمارکرد و  مشتومڕێکی زۆری لە دنیای تۆپی پێدا دروستکرد و تاوەکو ئێستاش کاردانەوەکانی بەردەوامن.
 

ساڵی 2022، لیۆنێل مێسی سەرکردایەتی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی کرد و توانی لەدوای 36 ساڵ بۆ یەکەمین جار هەڵبژاردەکە بە نازناوی مۆندیال شادبکاتەوە، ئەم رووداوەش بە یەكێك لە گەورەترین رووداوە وەرزشییەکان دادەنرێت و دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو بە تایبەتی کە یاریزانەکە دوای چوار جار لە شکستهێنان، توانی خەونی خۆی و ئەرجەنتینییەکان بەدی بێنێت و نازناوی جامی جیهانی بۆ وڵاتەکەی بەدەستبێنێت.