ڤیدیۆ؛ بەئامادەبوونی مەسرور بارزانی رێوڕەسمی کردنەوەی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەڕێوەچوو

رووداو هەولێر
 
لە دهۆک رێوڕەسمی کردنەوەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، وەرزی 2024-2025 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و خاڤیێر تیباسی سەرۆکی لالیگا بەڕێوەچوو.
 
رێوڕەسمەکە، کە زیاتر لە 30 هەزار هاندەر ئامادەی ببوون، بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێکی قورئانی پیرۆز بدەستیپێکرد. دواتر چەندین چالاکی هونەری بەڕێوەچوون، و بە گۆرانی دهۆک سەر چیایە، هەڵپەڕکێی کچ و کوڕانی کورد و عەرەب یاریگەی دهۆکیان هێنایە هەژان.
 
ئینجا تیپی فۆلکلۆری عەرەبیش نمایشێکی جوانی لە فۆلکلۆری عەرەبی پێشکەش کرد.
 
لە بەشێکی رێوڕەسمەکەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، داوای لێکرا وتارێک پێشکەش بکات و سەرۆکوەزیران بۆ پێشکەشکردنی وتارەکەی چووە سەر ستەیج و بەخێرهاتنی میوانانی کرد، بەتایبەتیش عەدنان درجال و خاڤێێر تێباس و گوتی "ئەمڕۆ زۆر خۆشحاڵم کە لەگەڵ ئێوەی بەڕێز بەشداری لەم بۆنە وەرزشییەدا دەکەم، کە یەکەمجارە بەم شێوازە بەڕێوەدەچێت".
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هیوای سەرکەوتنی بۆ هەردوو یانەی زەورا و دهۆکی خواست و گوتی "هیوای سەرکەوتن بۆ ئەو یانەیە دەخوازم کە یارییەکی باشتر و جوانتر دەکات".
 
 
دواتر عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراقیش وتارێکی پێشکەش کرد و سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد و ئینجا سوپاسی شار و خەڵکی دهۆکی کرد بۆ میوانداریکردنی ئەو رێوڕەسمە و یارییەکەی نێوان دهۆک و زەورا.
 
درجال هەروەها سوپاسی ئامادەبوونی بەرفراوانی هاندەرانی کرد و هیوای خواست کە وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق باشتر بێت لە وەرزی رابردوو، کە وەک خۆی گوتی "ئەوە لە رێگەی هاوکاری هەمووانەوە دێتەدی".
 
سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق، گوتیشی "دەمانەوێت خولی ئەستێرەکانی عێراق ببێتە یەکێک لە باشترین خولەکانی وڵاتانی عەرەب".
 
لەو رێوڕەسمەدا هەردوو گۆرانیبێزی بەنێوبانگی کوردستان و عێراق، حەسەن شەریف و حوسام رەسام، بە گوتنی دوو گۆرانی هەمووانیان هێنایە جۆش و خرۆش، کە حوسام سروودێکی تایبەت بە خولی عێراقی گوت.