50 کەناڵ و زیاتر لە 400 رۆژنامەڤان رووماڵی ئاهەنگەکەی دهۆک دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ رکابەرییەکانی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق دەستپێدەکەن، رێوڕەسمی دەستپێکردنی خولەکە بۆ یەکەمجار بەشێوەیەکی جیاواز بەڕێوەدەچێت و دهۆک دەبێتە یەکەم یانە ئەو رێوڕەسمە رێکبخات.
 
دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "یانەی دهۆک دوو مانگ لەمەوبەر ئەو پێشنیازەی دایە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و دوای قبوڵکردنی، لە ماوەی 25 رۆژدا گۆڕانکارییەکی گەورە لە ژێرخانی وەرزشی شارەکە و یانەکەدا روویدا و دهۆک دەبێتە یەکەم یانە رێوڕەسمی بەڕێوەبردنی خولی ئەستێرەکانی عێراق رێکبخات و هیوادارین ساڵانی داهاتووش بەردەوامبێت."
 
ئاهەنگی دەستپێکردنی وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراق، کاژێر 18:30 دەستپێدەکات و ماوەکەی 45 خولەک تاوەکو کاژێرێک دەبێت، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، خاڤێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگای ئیسپانیا، عەدنان درجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق و دەیان بەرپرس و کەسایەتی وەرزشی لەسەر ئاستی کوردستان، عێراق و وڵاتانی ناوچەکە لە دهۆک دەبن.
 
لە رێوڕەسمەکەدا لۆگۆی تایبەتی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لۆگۆی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، لۆگۆی هەر 20 یانەی بەشدار لە خولەکەدا و تیفۆی تایبەت بە هەردوو یانەی دهۆک و زەورا نمایش دەکرێت.
 
جگە لەوە چەندین بڕگەی هونەری جیاواز لەنێو یاریگەی دهۆکدا پێشاندەدرێن، هەریەکە لە حەسەن شەریف، هونەرمەندی بەنێوبانگی کوردستان و حوسام رەسام، هونەرمەندی بەنێوبانگی عێراق گۆرانی بۆ دەستپێکردنی خولەکە دەڵێن و دڵشاد محەممەد سەعید، ئاوازدانەری بەنێوبانگی کوردستان چەند پارچە میوزیکێک پێشکێش دەکات.
 
دوو تیمی سەماکەری کوردستان و عێراق لە ئاهەنگەکەدا بە جلوبەرگی پێکهاتە جیاوازەکان لەنێو یاریگەی دهۆکدا سەما دەکەن.
 
پەیامنێری رووداو لە دهۆک دەڵێت " لە رێوڕەسمەکەدا 25 هەزار درێسی یانەی دهۆک لەگەڵ بلیتی یارییەکان دەدرێتە هاندەر، جگە لەوەش کاتژمێرێکی دەستی کە لۆگۆی یانەی دهۆکی لەسەرە دەدرێتە هاندەرانی یانەکە، هەروەها چەند خەڵاتێکی دیکەی تایبەت لەسەر کورسییەکانی یاریگە دادەنرێت بۆ ئەو هاندەرانەی لەنێو یاریگەدا ئامادەدەبن."
 
لە شەوە تایبەتەکەی دهۆکدا، ئەستێرە دیارەکانی تۆپی پێی عێراق بانگهێشتکراون، لەنێو یاریگەدا ئەو یاریزانانەی عێراق ئامادەدەبن کە ساڵی 2007 نازناوی جامی ئاسیایان لەگەڵ هەڵبژاردەکە بردووەتەوە.
 
بۆ ئاهەنگی دەستپێکردنی خولی ئەستێرەکانی عێراق، 50 کەناڵی لەسەر ئاستی کوردستان، عێراق و ناوچەکە مافی گواستنەوەی ئاهەنگەکەیان پێدراوە و زیاتر لە 400 رۆژنامەڤان ناویان تۆمارکردووە، بۆ ئەوەی رووماڵی ئاهەنگی دەستپێکردنی رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق بکەن، کە بەشێکیان لە قەتەر، ئوردن و وڵاتانی دیکەی دەورووبەری عێراق هاتوون.
 
عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەی دهۆک لە رێگەی رووداوەوە پەیامێک ئاراستەی هاندەرانی یانەی دهۆک دەکات و دەڵێت "هیوادارین زوو بێنە یاریگە، بۆ ئەوەی نەکەونە نێو قەرەباڵخی و لە بڕگە جیاوازەکانی ئاهەنگەکە بێبەش نەبن، هەروەها داوادەکەین هاندەران هاوکاری لایەنە ئەمنییەکان و یانەکەیان بن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی سەردەمیانە روویەکی گەشی دهۆک پێشانی هەمووان بدەین."
 
دوای کۆتاییهاتنی رێوڕەسمی دەستپێکردنی خولەکە، کاژێر 20:30 یاریی نێوان هەردوو یانەی دهۆک و زەورا بەڕێوەدەچێت.
 
مەسعود مەرال، راهێنەری یانەی دهۆک بە رووداوی گوت "بۆ من خولێکی نوێ و وڵاتێکی نوێیە، دەمانەوێت یارییەک بکەین هەمووان چێژی لێ ببینن و ئەمە پلانی ئێمەیە بۆ درێژایی ئەم وەرزە و ئێستا بۆ یارییەکە ئامادەین."