ئەمڕۆ خولی عێراق دەسپێدەکات.. دوو یانەی کوردستان رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە
رووداو دیجیتال
ئەمڕۆ دووشەممە یارییەکانی وەرزی نوێی خولی تۆپی پێی یانە نایابەکانی عێراق دەستپێدەکات و لە هەرێمی کوردستان یانەی زاخۆ میوانداری یانەی نەورۆز دەکات.
وەرزی ئەمساڵی خولی عێراق بە بەشداری 20 یانەیە و هەریەک لە یانەکانی هەولێر، زاخۆ لەگەڵ نەورۆز سێ یانەی نوێنەری کوردستانن لە خولەکەدا.
یانەی زاخۆ دوای ئامادەکارییەکی زۆر و هێنانی ژمارەیەک یاریزانی ئاستبەرزی ناوخۆ و پیشەگەر لە یەکەم تاقیکردنەوەیدا میوانداری یانەی نەورۆز دەکات، سێ خاڵی یارییەکە بۆ زاخۆییەکان گرنگە، لەبەرئەوەی ئامانجی درێس سوورەکانی خابوور بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە، هەروەها ئەرکیان ئاسانە بەهۆی خراپی ئامادەکارییەکانی یانەی نەورۆز.
ئیدریس کۆچەر، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی زاخۆ لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "یارییەکەمان ئاسان نییە و بە چاوێکی گرنگ لە تیپی میوان دەڕوانین، بەڵام دەمانەوێت بە ریتمی سەرکەوتن بچینە نێو ململانێکانی وەرزی نوێ".
لە شاری بەغدا یانەی شورتە دوای گۆڕانکارییەکی زۆر هێنانی موئمین سلێمانی راهێنەری میسری رکابەری یانەی تەڵەبە دەکات، وا چاوەڕواندەکرێت ململانێیەکی بەهێز لەنێو یاریگەی شەعب رووبدات، لەبەرئەوەی دوو تیپی گەورە و جەماوەری رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
ئەحمەد سەڵاح، یاریدەدەری راهێنەری یانەی شورتە بۆ رووداو، گوتی "خاوەن پێکهاتەیەکی بەهێزی یاریزانانین و ئەمساڵ ئامانجی ئێمە بەدەستهێنانی نازناوی خولی عێراق و بەشداریکردنە لە پاڵەوانێتییەکانی دەرەوە".
شەقامی وەرزشیی و هاندەران بەپەرۆشن بۆ دەستپێکردنی یارییەکانی وەرزی ئەمساڵ، کە چێژێکی زۆرییان پێدەبەخشێت، چونکە دەمێکە هاندەران تینووی گەڕانەوەن بۆ نێو یاریگەکان و ئەمساڵ بارودۆخی یاریگەکانی عێراق ئاسایی بوونەتەوە و هاندەران دەتوانن ئامادەی یارییەکان بن.
هەر لە خولی عێراقدا، ئەمڕۆ ئەم یارییانە بەڕێوەدەچن:
نەفت - نەفتی میسان 15:30
کەرخ - نەفتی بەسرە 15:30
کەرخ - نەفتی بەسرە 15:30