مۆدریچ وەڵامی هەلی بردنەوەی خەڵاتی باشترین یاریزان دەداتەوە


رووداو - هەولێر

لوکا مۆدریچ، ئەستێرەی کرواتی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دووپاتیدەکاتەوە، لەرووی جەستەی و هزرییەوە دوای بردنەوەی پلەی دووەمی مۆندیالی 2018ـی رووسیا ماندووبووە.

مۆدریچ لە مۆندیالدا ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و سەکردایەتی کرواتیای کرد بۆ بردنەوەی پلەی دووەمی جامی جیهانی و خۆیشی بەباشترین یاریزانی مۆندیالەکە دەستنیشانکرا.

مۆدریچ بە رۆژنامەی مارکای ئیسپانی راگەیاندووە، هەست بە ماندووبوون دەکات، دوای کۆتاییهاتنی مۆندیال،ئەمەش لەلایەنی هزری و جەستەیشەوە کاریگەریی لەسەرکردووە.

لوکا زیاتر گوتی، ئێستا هەست بە باشبوون دەکەم، دەتوانم بەشێوەیەکی باشتر یارییەکان دەستپێبکەم، هەروەها هەستدەکەم، کە ماندووبوونەکەم زیاتر کەمبووە.

دەربارەی بردنەوەیان لە رۆما لەیەکەم یارییاندا لە چامپیۆنزلیگدا لوکا مۆدریچ گوتی، ئەو بردنەوەی زۆرباش بوو، ئاستێکی باشمان پێشکەشکرد، سێ گۆڵمان تۆمارکرد و بەبێ ئەوەی گۆڵمان لێبکرێت لە یاریگە چووینە دەرەوە.

دەربارەی هەلی بردنەوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان (باڵۆن دۆر)، مۆدریچ گوتی، من بیر لەوە ناکەمەوە، بردنەوەی خەڵاتەکە بۆ من زۆر شتێکی باش دەبێت، رێز لەهەموو دەنگەکان دەگرم، بەڵام نەشبەمەوە ژیان بەردەوامە.