"سعوودیه‌ جامی جیهان ده‌باته‌وه‌"



رووداوی وره‌زشی ـ Tango
رۆژنامه‌كانی ئه‌رجه‌نتین گاڵته‌یان به‌ یه‌كێتی تۆپی پێی سعوودیه‌ كرد، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئیدگاردۆ باوزای راهێنه‌ری ئه‌رجه‌نتینی كردووه‌ته‌ راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌ی و ده‌ڵێن "سعوودیه‌ به‌هۆی ئه‌و راهێنه‌ره‌وه‌ جامی جیهانی ده‌باته‌وه‌".

دوای ئه‌وه‌ی ڤان مارفیكی راهێنه‌ری هۆڵه‌ندی توانی هه‌ڵبژاردی سعوودیه‌ بگه‌ینێته‌ كۆتاییه‌كانی مۆندیالى 2018ی رووسیا، له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی یه‌كێتی تۆپی پێی ئه‌و وڵاته‌ نه‌گه‌یشته‌ رێككه‌وتن و وازی له‌ راهێنه‌رایه‌تی هه‌ڵبژارده‌كه‌ هێنا، به‌رپرسانی یه‌كێتی تۆپی پێی سعوودیه‌ش له‌جیاتی ئه‌و باوزایان كرده‌ راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌كه‌یان بۆ به‌شداریكردن له‌ مۆندیال، كه‌ پێشتر راهێنه‌ری هه‌ڵبژاردی ئیمارات بوو.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ی سعوودیه‌ له‌ لایه‌ن رۆژنامه‌كانی ئه‌رجه‌نتینه‌وه‌ رووبه‌ڕووی لێشاوێكی گاڵته‌جاڕی بووه‌وه‌، به‌و پێیه‌ی ئه‌رجه‌نتینییه‌كان زۆر تووڕه‌ن له‌و راهێنه‌ره‌و به‌ هۆكاری ئه‌و بارودۆخه‌ی ده‌زانن كه‌ ئێستا به‌سه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتیندا هاتووه‌و مه‌ترسی نه‌گه‌یشتنه‌ مۆندیالی لێده‌كرێت.

رۆژنامه‌كانی ئه‌رجه‌نتین زۆر گاڵته‌یان به‌ به‌رپرسانی سعوودیه‌ كردووه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌ركی راهێنه‌رایه‌تی هه‌ڵبژارده‌كه‌یان به‌و سپاردووه‌و نووسیویانه‌ "باوزا جامی جیهانی بۆ سعوودیه‌ ده‌باته‌وه‌، به‌و پێیه‌ی پێشتر كه‌ راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین بوو گوتبووی له‌ رووسیا من جامی جیهانی ده‌بمه‌وه‌، كه‌چی له‌وێ ده‌ركراو بووه‌ راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی ئیمارات و له‌وێش نه‌یتوانی سه‌ركه‌وتوو بێت و هه‌ڵبژارده‌ی ئیماراتیش نه‌یتوانی بگاته‌ مۆندیال، كه‌چی ئه‌ركی سه‌رپه‌رشتیكردنی هه‌ڵبژارده‌یه‌ك كه‌ به‌ تواناكانی راهێنه‌رێكی دیكه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ مۆندیال درایه‌ ده‌ست باوزا". رۆژنامه‌كانی ئه‌رجه‌نتین ده‌ڵێن "له‌به‌رئه‌وه‌ی باوزا به‌ڵێنی داوه‌ جامی جیهانی له‌ رووسیا ده‌باته‌وه‌، كه‌واته‌ هه‌ڵبژاردی سعوودیه‌ ده‌یباته‌وه‌، چونكه‌ له‌و مۆندیاله‌دا راهێنه‌رایه‌تی ئه‌و هه‌ڵبژارده‌یه‌ ده‌كات".

مه‌لایه‌ك له‌سه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی سعوودیه‌ كێشه‌ ده‌نێته‌وه‌
وتارخوێنێك له‌ سعوودیه‌، ئاشووبی له‌نێو نوێژخوێنانی مزگه‌وتێك له‌وێ نایه‌وه‌. ماڵپه‌ڕی عاجلی سعوودی دووپاتی كرده‌وه‌، شێخ محه‌مه‌د بن ساڵح ئه‌لحه‌ربی (وتارخوێنی مزگه‌وتی باكوور به‌ ناوه‌ندی دلێمیه‌)، له‌ وتاری هه‌ینیدا په‌سنی سه‌ركه‌وتنی شانشینی له‌ وه‌رزی حه‌جكردن داوه‌، پاشان چووه‌ته‌ سه‌ر باسی سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژارده‌ی سعوودیه‌ بۆ مۆندیال. 
دوای ئه‌وه‌ی وتارخوێنی ئه‌و مزگه‌وته‌، باسی لایه‌نێك له‌ سه‌ركه‌وتنی ده‌سه‌ڵاتدارانی وڵاته‌كه‌ی له‌ سه‌ركه‌وتنی وه‌رزی حه‌ج كردووه‌، پاشان به‌ دواهاتنی خۆشی سعوودییه‌كانی، به‌ گه‌یشتنی هه‌ڵبژارده‌ی سعوودیه‌ی بۆ مۆندیالی 2018 له‌ رووسیای به‌ستایه‌وه‌، دوای بردنه‌وه‌ی له‌دوایین گه‌ڕ له‌ هه‌ڵبژارده‌ی ژاپۆن، هه‌ندێك له‌ ئاماده‌بووانی مزگه‌وته‌كه‌، به‌ وتاره‌كه‌ی رازی نه‌بوون، گوایه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئایینی ده‌رچووه‌ و چووه‌ته‌ نێو چوارچێوه‌یه‌كی وه‌رزشی، كه‌ نابێت له‌سه‌ر سه‌كۆی مزگه‌وته‌وه‌ باس بكرێ، ئه‌و نوێژخوێنانه‌ و له‌دوای ئه‌وانیش، زۆر له‌ سه‌وداسه‌رانی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه‌، باشتر وابوو وتارخوێنه‌كه‌ ئامۆژگاری و رێنوێنی نوێژخوێنان بكات، به‌ بابه‌تی گرنگ و سوودبه‌خش له‌ فێربوونی ئایینه‌كه‌یان.