پێرێز بە هەواڵی فرۆشتنی ئەستێرەیەکی یانەکەیان ئەنچێلۆتی شۆک دەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

بەگوێرەی رۆژنامەیەکی بەنێوبانگی ئیسپانی، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید بە کارلۆ ئەنچێلۆتیی راهێنەری یانەکەی راگەیاندووە کە بڕیاریداوە ئەستێرەیەکی مێرینگێ بفرۆشێت و پێیگوتووە "120 ملیۆن یۆرۆ دەیکات و دەیفرۆشین".
 
رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕالی ئیسپانی، ئاشکرایکردووە کە فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆ ئەنچێلۆتی باسی لە خواستی خۆی کردووە بۆ فرۆشتنی رۆدریگۆی ئەستێرەی بەرازیلی بەبڕی 120 ملیۆن یۆرۆ.
 
یانەی ریال مەدرید سەرنجی لەسەر بردنەوەی یەکەم یارییەکانی لالیگایە، و چاوی لەسەر پاراستنی نازناوی لالیگایە بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک، بەتایبەتی دوای بەهێزترکردنی تیپەکەی بە گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێی فەرەنسی، کە ئەویش ئاواتەخوازە لەگەڵ ریال مەدرید سەرجەم نازناوەکان بەدەستبهێنێت.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، کە پێش یارییەکەی ریال مایۆرکا بوو، کۆتاییهاتنی مێرکاتۆی ریال مەدریدی راگەیاند و گوتی "ئێستا تیپەکەمان لە هەموو روویێکەوە تەواوە، شوێنمان بۆ هیچ یاریزانێک نەماوە، بۆیە مێرکاتۆی ریال مەدرید کۆتاییهاتووە".
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕالی ئیسپانی بڵاویکردوونەتەوە، یانەی ریال مەدرید پێشنیاز و زانیاری و دزەپێکراوی پێگەیشتووە کە تێیدا هاتووە ئەگەر رۆدریگۆ گۆس بۆ فرۆشتن خرابووایە بازاڕ، بەئاسانی بە 120 ملیۆن یۆرۆ دەفرۆشرا، ئەمەش لەلایەن فلۆرێنتینۆ پێرێزەوە بۆ کارلۆ ئەنچێلۆتی پشتڕاستکراوەتەوە.
 
ئەگەرچی نە یانەکە و نە یاریزانەکە هیچ ئاماژەیەکیان بۆ روودانی ئەم کارە نەکردووە، بەڵام ریال مەدرید لە رێگەی چەند بەڕێوەبەری کارێکەوە زانیویەتی کە لانیکەم دوو یانە ئامادەبوون ئەو بڕە پارەیە بدەنە ریال مەدرید بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی یاریزانە بەرازیلییەکە، کە بریتی بوون لە مانچێستەر سیتیی ئینگلیزی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسی.
 
رۆژنامەکە سوپرایزێکی گەورەی تەقاندەوە سەبارەت بە خواستی پێرێز بۆ ئەوەی چاوەڕێی هاوینی 2025 بکات بۆ فرۆشتنی ئەستێرە بەرازیلییەکە و گرێبەستکردن لەگەڵ فلۆریان فیرتزی یاریزانی ئەڵمانیی یانەی بایەرلیڤەرکوزن، کە بەقسەی ئەو رۆژنامەیە، ئەو خواستەی سەرۆکی ریال مەدرید، ئەنچیلۆتی تووشی شۆک کردووە.
 
رۆدریگۆی کوڕی ساوپاولۆ، لە چەند مانگی رابردوودا بەهۆی هاتنی کیلیان ئێمباپێ زۆرترین قسە لەسەر رۆیشتنی بووە، هەرچەندە هەمیشە راشکاوانە دووپاتیکردووەتەوە کە بەردەوام دەبێت لە ریال مەدرید، لانیکەم تاوەکو کۆتایی وەرزی 2024 - 2025.