پاریس ئامادەیە مووچەیەکی 20 ئەوەندەی بارسێلۆنا بداتە فێرمین

رووداو دیجیتاڵ

ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان واز لە بارسێلۆنا ناهێنێت و ئەمجارە پلانێکی دیکەی داناوە بۆ ئەوەی گورزێکی دیکەی کوشندە لە بارسێلۆنا بدات.
 
خلێفی بەمەبەستی گواستنەوەی ئەستێرەیەکی بارسێلۆنا ئامادەیە زیاتر لە 20 هێندەی ئەو مووچەیەی پێبدات کە ئێستا بارسێلۆنا پێیدەدات.
 
بارسێلۆنا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی ریزەکانی بەمەبەستی رکابەریکردن لەسەر سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکان لە وەرزی نوێدا، بەسەرکردایەتی هانزی فلیکی راهێنەری ئەڵمانی.
 
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەلایەن رۆژنامەی ئیل ناسیۆناڵی ئیسپانییەوە بڵاوکراونەتەوە، پاریس سانجێرمان ئامادەیە گرێبەستێک پێشکەش بە فێرمین لۆپێزی ئەستێرەی لاوی بارسا بکات بە مووچەیەک کە 20 ئەوەندە زیاترە لەو مووچەیەی ئێستا لە بارسێلۆنا وەریدەگرێت.
 
مووچەی ئێستای یاریزانەکە لەگەڵ بارسێلۆنا نزیکەی 250 هەزار یۆرۆیە لە ساڵێکدا، کەچی یانە فەرەنسییەکە 5 ملیۆن یۆرۆی لە ساڵێکدا خستووەتە سەر مێزەکە، کە لۆپێز خاوەنی کەمترین مووچەی یاریزانانی ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنایە.
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە "پێشنیازەکەی پاریس سانجێرمان تەنیا دارایی نییە، چونکە لویس ئێنریکی کە بەباشی شارەزای تۆپی پێی ئیسپانیایە و یاریزانەکانی بەباشی دەناسێت و هیوایەکی زۆری بە بەهرەمەندە گەنجەکانی هەیە، فێرمین وەک کاراکتەرێکی کاریگەر بۆ داهاتووی پاریس سانجێرمان دەبینێت، بۆیە بەڵێنی پێداوە هەر لە سەرەتاوە رۆڵێکی سەرەکی پێیبدات، کە هێشتا لە یانە کەتەلۆنییەکە ئەو رۆڵەی پێنەدراوە".
 
بەرپرسانی بارسێلۆنا ئاگاداری هەوڵەکانی پاریس سانجێرمان و یانەکانی دیکەشن، بۆیە نایانەوێت هیچ کات بەفیڕۆ بدەن و دەیانەوێت گرێبەستەکەی نوێ بکەنەوە مووچەکەی زیاد بکەن و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەیشی زیاتر بکەن و بگەیننە یەک ملیار یۆرۆ، کە ئێستا 400 ملیۆن یۆرۆیە.
 
ئێستا لە بارسێلۆنا، بەهای مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کۆمەڵێک یاریزانی گەنج، یەک ملیار یۆرۆیە، کە بریتین لە هەریەک لە پێدری، باڵدێ، رۆناڵد ئاراوخۆ، لامین یامال و گاڤی.
 
سەرەڕای ئەو دەستەوارە سەرنجڕاکێشەی لە پاریسەوە هاتووە، بارسێلۆنا دڵنیایە لەوەی دڵسۆزی فێرمین بۆ یانەکە و ئەو پڕۆژە وەرزشییەی کە هانزی فلیک سەرپەرشتی دەکات لە پارەکە گرنگتر دەبێت بۆ یاریزانەکە.
 
دیکۆ، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکەش پێشتر لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە کۆبووەتەوە بۆ ئەوەی دانوستاندنەکان خێراتر بکات و دڵنیابن لەوەی فێرمین بۆ چەندین ساڵی دیکە بەردەوام دەبێت لە پۆشینی درێسی بارسا.
 
هاندەرانی بارسێلۆنا هێشتا زۆر لە ناسر خلێفی تووڕەن، بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2017 بڕی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی نەیمار داسیلڤای ئەستێرەی بەرازیلی دا و بردییە ریزەکانی پاریس سانجێرمان.
 
بارسێلۆنا گرێبەستەکەی لەگەڵ دانی ئۆلمۆی ئەستێرەی لایپزیگی ئەڵمانی و یاریزانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا کۆتایی پێهێنا، بەمەش ئەو یاریزانە بووە یەکەم گرێبەست بۆ یانەی کەتەلۆنی لە مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا.