کۆڤاچ ئەزموونێکی نوێ لەگەڵ مۆناکۆ تاقیدەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ

یانەی مۆناکۆی فەرەنسی بەشێوەیەکی فەرمی، نیکۆ کۆڤاچ، راهێنەری پێشووی یانەی بایرن میونشنی وەک راهێنەری نوێی یانەکەی راگەیاند.


مۆناکۆ لەسەر ماڵپەری فەرمی خۆی گرێبەستکردنی لەگەڵ کۆڤاچ راگەیاند، دوای ئەوەی رۆبێرتۆ مۆرینۆی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە دوورخستەوە.

بەپێی بەیاننامەی یانە فەرەنسییەکە گرێبەستی کۆڤاچ لەگەڵ مۆناکۆ بۆ سێ وەرز دەبێت و ئەگەری نوێکردنەوەشی هەیە.

ئولیگ پێترۆڤ، بەڕێوەبەری وەرزشی یانەی مۆناکۆ دەڵێت، کۆڤاچ کەسایەتییەکی باش و بە ئەزموونی لەگەڵ هەڵبژاردە و یانەکان هەیە و دەتوانێت برەو بە توانای یاریزانە گەنجەکان بدات بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی باش.

کۆڤاچ لە 2013 تاوەکو 2015 راهێنەری هەڵبژاردەی کرواتیا بوو، پاشان لە 2018 بووە راهێنەری ئینتراخت فرانکفۆرت و جامی ئەڵمانیای لەگەڵ یانەکە بردەوە، کە 30 ساڵ یانەکە ئەو نازناوەی بەدەستنەهێنابوو.

کۆڤاچ ماوەی چەند مانگێک لە 2018 بۆ 2019 راهێنەری بایرن میونشن بوو، جامی سوپەری ئەڵمانیا، خولی ئەڵمانیا و جامی سوپەری لەگەڵ یانەکە بردەوە، لە 65 یارییدا 45 بردنەوەی هەبوو.

ئەمڕۆ دووشەممە کۆڤاچ بۆ یەکەمجار وەک راهێنەری مۆناکۆ دەردەکەوێت و مەشق بە یاریزانە نوێیەکانی دەکات.