داهاتووی مۆدریچ لە دەست ژنەکەیەتی

رووداو دیجیتاڵ

 

نا روونییەک لە داهاتووی لۆکا مۆدریچی ئەستێرەی کرواتیی و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ریال مەدریددا هەیە، کە هێشتا دیارنییە لە مەدردی دەمێنێتەوە یان دەڕواتە سعودیە.
 
تاوەکو ئێستا یانەی ریال مەدرید بەفەرمی نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانەی رانەگەیاندووە.
 
بەگوێرەی میدیاکانی ئیسپانیا، نوێنەرانی مۆدریچ دەیانەوێت ئەو یاریزانە لەم هاوینەدا ریزەکانی ریال مەدرید جێبهێڵێت، ئەمەش دوای ئەوەی یانە شاهانەکە رەتیکردەوە نرخی ئەو دەستەوارەیە زیادبکات کە سەبارەت بە درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی پێشکێشیکردووە.
 
دەستەوارەی نوێکردنەوەکە بۆ یەک وەرز درێژدەبێتەوە، لە بەرامبەردا 10 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچە وەردەگرێت.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، هاوژینەکەی مۆدریچە کە رەزامەندی لەسەر دەستەوارەی سعودیە نەداوە و بابەتەکەی بە هەڵپەسێردراوی هێشتووەتەوە.
 
ئەمە لە کاتێکدایە، کە هەندێک سەرچاوەی نزیک لە یانەی شاهانە، دەڵێن ئەستێرە کرواتییەکە نزیکە لە مانەوە لەگەڵ ریال مەدرید، بەتایبەتی دوای ئەوەی کارگێڕیی یانەکە داوای لێکردووە لانیکەم تاوەکو کردنەوەی یاریگای سانتیاگۆ برنابیۆ لە مانگی کانوونی دووەمدا بمێنێتەوە.
 
هەندێک سەرچاوەی دیکەش ئاماژە بەوە دەکەن، کە ریال مەدرید ئەگەری هەیە بەشێوەیەکی ناچاوەڕواننەکراو لە مێرکاتۆی زستانەی داهاتوودا، رێگە بە مۆدریچ بدات ئەگەر بیەوێت بڕوات.