لێدوانێکی سەیر لە بوفۆنەوە سەبارەت بە دیماریا

رووداو دیجیتاڵ

 

جیانلویجی بوفۆن، ئەفسانەی مێژوویی یانەی یوڤێنتوس و گۆڵپارێزی ئێستای یانەی پارما، لێدوانێکی سەیری لەسەر هاوڕێی پێشووی لە پاریس سانجێرمان، ئانخێل دیماریای یاریزانی ئەرجەنتینی دا و گوتی "دیماریا ئەگەر پەیوەندی بە ریزەکانی بیانکۆنێرییەوە بکات وەک دیێگۆ مارادۆنا دەبێت".
 
بوفۆن لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرتی ئیتاڵی، گوتی "دیماریا ئەگەر ئێستا بێتە خولی ئیتاڵیا وەک مارادۆنا دەبێت".
 
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد "پێویسته‌ یاریزانه‌كان به‌ بیركردنه‌وه‌ له‌و چوارچێوه‌یه‌ هه‌ڵبسه‌نگێندرێت كه‌ ده‌بێت تیایدا رۆڵ بگێڕن، ئه‌مڕۆ خولی ئیتاڵیا له‌ رووی ته‌كنیكییه‌وه‌ خراپه‌، گومانی تێدا نییه‌، ئانخێل توانا و بەهرەیەکی زۆری هه‌یه‌، به‌ ئاسانییه‌كی سه‌رسوڕهێنەره‌وه‌ باز به‌سه‌ر ركابه‌ردا ده‌دات، ئاسیستی جوانی هەیە، یەکلاکەرەوە لەبەردەم گۆڵدا، باشە لە ئەسیستکردن و راکردندا، لە سەرانسەری یاریگاکەدا دەتوانێت چەندین رۆڵ بگێڕێت، یاریزانێکی تۆپی پێی گشتگیر و فرە توانایە"
 
سەبارەت بە گەورەبوونی تەمەنی دیماریا، بوفۆن گوتی "تەمەن گرنگ نییە لە تۆپی پێدا، گرنگترین پاڵنەر ئەو خولیایەیە کە بۆ یاریکردن هەیتت، ەیست و ئارەزوو گرنگە، ئەگەر دیماریا بڕیاریدا بچێتە ئیتاڵیا، بە تایبەتی یوڤێنتوس، ئەوا ئامادەیە بۆ ئەوە".
 
گۆڵپارێزی ئەفسانەیی ئیتاڵیا، جەختیشی لەوە کردەوە "ئانخێڵ پیشەگەرێکی تەواوە، پیاوێکی زۆر باشە، لە یاریگەدا دەستبەرداری یەک بست لە رووبەر نابێت، لە هەموو شوێنێک دەجەنگێت، هەروەها لە مەشقەکانیشدا، ئەمەش واملێدەکات بڵێم ئەو دەبێتە مارادۆنای خولی ئیتاڵیا لەگەڵ نەوەی ئێستا".
 
ئاماژەی بەوەشکرد "لەگەڵ پاریس سانجێرمان ناچاربوو لە سێبەری ئەوانی دیکە بمێنێتەوە، سەرەڕای ئەوەی هەمان تایبەتمەندی و سیفەتی ئەوانی هەبوو، بەڵام کاتێک من لەوێ بووم، نەیمار و ئێمباپێ و ڤێراتی بوون، بەڵام هیچیان وەک دیماریاییەکەی ریال مەدرید نەبوون، کە لە ساڵی 2014 و نازناوی دەیەمی چامپیۆنزلیگی بردەوە، هەروەها لە سێبەری بنزیما و رۆناڵدۆ و مۆدریچدا بوو".
 
لە کۆتاییدا گوتی "دیماریا یاریزانێکی نایابە، بەڕاستی هیوادارم پەیوەندی بە یوڤێنتوسەوە بکات، ئێمە باسی پاڵەوانێک دەکەین، تۆپی پێ پێویستی بە پاڵەوانە".