مانچینی: وێڵز وەک ستۆک سیتییە

رووداو دیجیتال 

رۆبێرتۆ مانچینی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتالیا بەراوردی هەڵبژاردەی وێڵز بە یانەی ستۆک سیتی دەکات، بەڵام دەشڵێت "هەڵبژاردەی وێڵز دەتوانێت تیپی خاوەن ماڵ نیگەران و بێزار بکات".

ئەمڕۆ کاژێر 19:00 بە کاتی باشووری کوردستان، هەڵبژاردەی ئیتالیا لەسەر یاریگەی ئۆڵیمپیکۆ لە رۆما دوایین یاریی خۆی لە قۆناخی کۆمەڵەکانی یۆرۆی 2020 بەرامبەر بە هەڵبژاردەی وێڵز ئەنجامدەدات.

رۆبێرتۆ مانچینی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "ستۆک سیتی لە کاتی یاریکردن لە بەردەمیاندا شێوازێکی زۆر دژواری هەیە، زۆر شەڕانگێزن".

مانچینی لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "یارییەکەمان بەرامبەر وێڵز یارییەکی زۆر قورس دەبێت لە لایەنی جەستەییەوە، چونکە رکابەرەکە بەهەمان شێوەی ستۆک سیتی بەهێزە، بەڵام تەکنیک و هونەرێکی زۆریشی هەیە، وێڵز خاوەن کۆمەڵێک یاریزانی وەک جۆی ئالێن، گارێس بەیڵ و دانیال جەیمسە، کە ئەوانە توانا و کارامەییان هەیە".

مانچینی لەبارەی هەڵبژاردە بەهێزەکانی پاڵەوانێتییەکەوە، گوتی "فەرەنسا، ئیسپانیا، ئەڵمانیا و پۆرتوگال لەسەر سەرکەوتن راهاتوون و خاوەن چەندین یاریزانی مەزنن، فەرەنسا سەرەڕای یەکسانبوون لەگەڵ هەنگاریا، وەک کاندیدی نازناوەکە دەمێنێتەوە".

ئەو هەروەها گوتی "هەروەها بەلجیکاش هەیە، کە بە بۆچوونی من هیچ شتێک نەگۆڕاوە سەبارەت بە بەربژێرانی بردنەوەی نازناوەکە".

مانچینی، جارێکی دیکە باسی یارییەکەیان بەرامبەر وێڵز کردەوە و گوتی "ئەگەر پێویست بووایە ئەو یارییە بشبەینەوە هەر گۆڕانکاریمان دەکرد، ئەنجامدانی 3 یاری لە ماوەی 10 رۆژدا کە پلەی گەرمی 30 سیلیزیدا، پێویستت بەو یاریزانە هەیە کە ماندوو نەبووبن و پشوویان وەرگرتبێت".