ڤیدیۆ؛ پاڵەوانێتیی دیپلۆماتیک لە هەولێر بەردەوامە
رووداو هەولێر
بەدەستپێشخەری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یارییەکانی پاڵەوانێتیی دیپلۆماتیک لە هەولێر بەردەوامن.
یەکەمجارە پاڵەوانێتییەکی وەرزشی تایبەت بە کونسوڵ و نێردەی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان ساز دەکرێت، لەم پاڵەوانێتییەدا 26 کونسوڵخانە بەشدارییانکردووە و رۆژانە دوو یاری لەنێو یاریگەی کۆلیژی پەروەردەی وەرزشیی زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر بەڕێوەدەچن.
لەکاتی بەڕێوەچوونی یارییەکاندا کونسوڵ و نێردەی دیبلۆماسی وڵاتان دێنە نێو کەشی هاندان و تێکەڵ بە چێژی یاریی تۆپی پێ دەبن، ئەوان دوور لە مێزی گفتۆگۆ فەرمییەکان بە رۆحێکی وەرزشی چێژ لە بردنەوەکان وەردەگرن، بەهەمان رۆحیش کە دەدۆڕێن پیرۆزبایی لە تیپی براوە دەکەن.
مارک سترۆ، کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند "بەدڵنیاییەوە زۆر خۆشحاڵم وەک کونسوڵخانەی ئەمریکا بەشداری ئەم پاڵەوانێتییەمان کردووە، ژمارەیەکی زۆری یاریی چێژبەخش لەنێوان کونسوڵخانە جیاوازەکان دەبینین، تیپەکەی ئێمە بەشێوەیەکی زۆر باش خۆی ئامادە کردووە".
تیپی خانەخوێ ماڵئاوایی لە کێبرکێکە کردووە، بەڵام ئەوان وەک میواندار دڵخۆشن دوور لە کارە فەرمی و سیاسییەکان دیپلۆماتکارانیان کۆکردووەتەوە و دەیانەوێت کەشی یارییەکان پشوو و یادەوەرییەکان جوان لە دڵ و هزری هەموو بەشداربووان دروستبکات.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، روونیکردەوە "لە کاتی کردنەوەی پاڵەوانێتییەکەدا ئاماژەم بە خاڵێک کرد، لێرە گرنگ ئەوە نییە کێ براوەیە یان کێ دۆڕاوە، مەبەستی ئێمە ئەوەیە نێردە دیبلۆماسییەکان لەو کەش و هەوا جوانەی هەرێمی کوردستان بەشداری سەرگەرمییەک بکەن دوور لە کار و جەنجاڵی رۆژانە، ئەوان پێکەوە وەرزش بکەن و هەمووان براوەن".
دزەیی ئاماژەی بەوەشکرد "لە دەستپێکی پاڵەوانێتییەکە تیپی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە: لە یەکەم رۆژدا تیپەکەمان بە کونسوڵخانەی ئەرمەنستان دۆڕا بە ئەنجامی پێنج گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ، بە سینگێکی فراوان و بەرۆحێکی وەرزشی وەرمانگرت، هیوادارین ئەو تیپانەی ماون ئەنجامەکان بە رۆحێکی وەرزشی وەربگرن، سوپاسی زانکۆی سەڵاحەدین دەکەن بۆ دابینکردنی یاریگە و بەشێک لە پێداویستییەکان دەکەم، سوپاسی هێزەکانی ئاسایش و ناوخۆش دەکەم".
لەم پاڵەوانێتییەدا تیپەکان بەسەر دوو کۆمەڵەدا دابەشکراون، لە کۆمەڵەی یەکەم کونسوڵخانەکانی ئەرمینیا، ژاپۆن، یۆنان، چین لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان یەکەم سەرکەوتنیان تۆمارکردووە، لە کۆمەڵەی دووەم کونسوڵخانەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، کۆریای باشوور لەگەڵ ئیتاڵیا چێژی یەکەم سەرکەوتنیان وەرگرتووە.
لای خۆیەوە فرانکۆ کاپۆشیا، جێگری کونسوڵی گشتی ئیتاڵیا لە هەولێر، لەبارەی پاڵەوانێتیی دیپلۆماتیک گوتی "سەرەتا سوپاس، بۆ ئێمە سوپرایز بوو لەو کاتەوەی لە هەولێرم ئەمە یەکەمجارە چالاکییەکی وەرزشی دەبینم بۆ دیپلۆماتکاران، زۆر دڵخۆشم کە هەموو کونسوڵخانەکان کۆبووینەتەوە، ئێمە بەردەوام لە دیدارە فەرمییەکان کۆدەبینەوە، بەڵام لێرە بەهۆی وەرزش پێکەوەین، سەرەتا کەمێک نیگەران بووم دواتر سەرکەوتین و هەموومان بەو بردنەوەیەمان دڵخۆشین و خۆمان بۆ یاریی داهاتوو ئامادە دەکەین ".
ڤالێری ئاڵریچ، گۆڵپارێزی کونسوڵخانەی ئەمریکا. دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی بەخشیوەتە پاڵەوانێتییەکە، لەبەرئەوەی تاکە خانمە گۆڵپارێزە لە پاڵەوانێتییەکەدا.