ئەمشەو بارسێلۆنا ئاهەنگ بۆ بردنەوەی لالیگا دەگێڕێت

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنا ئاهەنگ بۆ بردنەوەی نازناوی خولی تۆپی پێی ئیسپانی دەگێڕێت، کاتێک بەرامبەر یانەی ریال سۆسیداد یارییدەکات.
 
ئەمشەو لە یاریگەی کامپ نو و لە رکابەرییەکانی گەڕی 35ـی لالیگادا، یانەی بارسێلۆنا بەوپەڕی دڵخۆشییەوە میوانداریی یانەی ریال سۆسیداد دەکات و ئاهەنگ بۆ بردنەوەی نازناوی خولەکە دەگێرێت، کە هەفتەی رابردوو بەبردنەوەی لە یانەی ئیسپانیۆل نازناوی ئەم وەرزەی لالیگای لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاکردەوە.
 
بارسێلۆنا لە یاریی یەکەمی ئەم وەرزەیدا بەرامبەر ریال سۆسیداد لە دەرەوەی یاریگەی خۆی 4-1 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، ئەمشەو دەیەوێت بردنەوەکەی دووبارەبکاتەوە، بۆ ئەوەی هەم ژمارەی خاڵەکانی بەرزبکاتەوە، هەمیش بەبردنەوەوە ئاهەنگ بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە بگێڕێت.
 
چاوەڕواندەکرێت زیاتر لە 90 هەزار هاندەر ئەمشەو لە یاریگەی کامپ نو ئامادەبن، بۆ ئەوەی سەیری یارییەکە بکەن و بینەری ئاهەنگی یانە کەتەلۆنییەکە بن، بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە.
 
ئەمە یەکەم نازناوی لالیگایە بارسێلۆنا لە دوای رۆیشتنی لیۆنێل مێسی لە 2021 بەدەستی دەهێنێت و دووەم نازناوی یانەکەیە لەم وەرزەدا، دوای بردنەوەی نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا.
 
چاڤی هێرناندێز، پێشتر وەک یاریزان نازناوی لالیگا چەندجارێک لەگەڵ یانەکە بردووەتەوە، ئەمجارە وەک راهێنەر دەچێتە سەر ستەیج و باوەش بە نازناوەکەدا دەکات.
 
بەبردنەوەی ئەم نازناوە، یانەی بارسێلۆنا ژمارەی نازناوەکانی لالیگای بۆ 27 نازناو بەرزکردەوە و خاوەنی دووەم زۆرترین نازناوە لە دوای یانەی ریال مەدرید، کە یانەی شاهانە 35 جار بووەتە پاڵەوان.
 
رۆژی دووشەممەی رابردوو نزیکەی 80 هەزار هاندەر رژانە سەر شەقامەکان و بەبۆنەوەی بردنەوەی نازناوی خولی ئیسپانیا لەلایەن هەردوو تیپی پیاوان و خانمانی یانەی بارسێلۆناوە ئاهەنگیان گێڕا.