چامپیۆنزلیگ 4 یاریی ئاگرین بەخۆیەوە دەبینێت


رووداو - هەولێر

رکابەرییەکانی قۆناخی کۆمەڵەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا بەرەو کۆتاییدەچن، ئەمڕۆ 4 یاریی بەهێز و گرنگ ئەنجامدەدەرێن.

لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی سێیەمدا، یانەی هیلالی سعودی کە بەیەکەمی کۆمەڵەکە سەرکەوتنی بۆ قۆناخی 16 مسۆگەرکردووە، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی رووبەڕووی یانەی دحێلی قەتەری دەبێتەوە، کە ئەمیان بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو پێویستی بەبردنەوە یان یەکسانبوون هەیە، لەو یارییەدا کە کاژێر 21:00 بەڕێوەدەچێت.

لە یارییەکی دیکەدا هەر لەم کۆمەڵەیە، یانەی ئیستیقلال تەهرانی ئێرانی دەبێتە میوانی یانەی عەینی ئیماراتی، ئەم یارییەش کاژێر 21:00 بەڕێوەدەچێت، ئیستیقلال پێویستی بەبردنەوەی یارییەکە و دۆڕانی دحێل هەیە بۆ ئەوەی هیوای بەگەیشتن بە قۆناخی داهاتوو هەبێت.

لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی چوارەمدا، یانەی سەدی قەتەری و خاوەنی پلەی یەکەم بە 10 خاڵ رووبەڕووی پریسپۆلیسی ئێرانی دەبێتەوە و یانە ئێرانییەکە هیچ هیوایەکی نەماوە، ئەم یارییە کاژێر 19:30 لە یاریگەی ئازادی بەڕێوەدەچێت.

لە یارییەکەی دیکەشدا، یانەی باختاکۆری ئوزباکستانی و دووەمی ریزبەند بە 8 خاڵ بەرامبەر یانەی ئەهلی سعودی یارییدەکات، بۆ یەکلاییکردنەوەی خاوەنی بلیتی دووەمی کۆمەڵەکە، ئەم یارییە کاژێر 22:00 بەڕێوەدەچێت و ئەهلی پێویستی بەبردنەوەیە بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو، لەکاتێکدا یانە سعودییەکە خاوەنی 6 خاڵە.