یانەکانی پرێمەرلیگ لە دژی 6 یانە گەورەکە پاڵپشتی لیدز یونایتد دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی بەشداریکردنی 6 یانەی پرێمەرلیگ، لە رکابەرییەکانی سوپەرلیگدا، لە بەریتانیا ناڕەزایەتییەکی زۆر لەنێوان تیپەکان و هاندەران دروستبووە و هەریەکەیان بە هەڵوێستی جیاواز ئەو بیرۆکەیە رەتدەکەنەوە.

لە یارییەکەی شەوی رابردوویاندا بەرامبەر یانەی لیڤەرپوول، یاریزانانی یانەی لیدز یونایتد لەکاتی خۆ گەرمکردنەوەیان بۆ یارییەکە، درێسێکی تایبەتیان پۆشیبوو لەبەشی پشتەوەی درێسەکە نووسرابوو، تۆپی پێ بۆ هاندەرانە، لە بەشی پێشەوەشی نووسراوە بەدەستیبێنە، یان شایستەی بە، کە مەبەست لێی ئەوەیە بە شایستەیی بگە چامپیۆنزلیگ.

میدیای بەریتانیا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، 13 یانەکەی دیکەی پرێمەرلیگ بە هەمان شێوەی لیدز یونایتد ئەو درێسە دەپۆشن، بۆ پێشاندانی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر بڕیاری یانەکانی مانچێستەر سیتی، مانچێستەر یونایتد، لیڤەرپوول، ئارسیناڵ، چێڵسی و تۆتێنهام بۆ بەشداریکردن لە سوپەرلیگدا.

رۆژنامەی تایمزی بەریتانی دەڵێت " بەر لە یارییەکەیان ئەو درێسە دراوەتە یانەی لیڤەرپوولیش، بەڵام یانەکە ئامادەنەبووە بیپۆشێت".

بەهۆی بەشداریکردنی ئەو شەش یانەیەی ئینگلتەرا، هاندەرانی یانەی لیڤەرپوول، ئارسیناڵ، لیدز یونایتد و تۆتێنهام بەشێوەی جیاواز خۆپێشاندانیان ئەنجامدا و ناڕەزایەتی خۆیان گەیاندە یانەکانیان، ئەمڕۆش بڕیارە هاندەرانی یانەی چێڵسی لەبەردەم یاریگەی ستامفۆرد بریچ بۆ هەمان مەبەست خۆپێشاندان بکەن.

وەزیری رۆشنبیریی بەریتانیا لەبارەی ئەو پاڵەوانێتییەوە رایگەیاند، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ رێگریکردن لە پاڵەوانێتییەکە، ئەگەر ئەو شەش یانەیەی ئینگلتەرا لە بڕیارەکەیان پەشیمان نەبنەوە، کارتی نیشتەجێبوون لە یاریزانەکانیان وەردەگرین و رێگە نادەین هیچ یانەیەک بێتە نێو خاکی بەریتانیا و ناچاریان دەکەین، بچن لە کیشوەری ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یارییەکانیان بکەن.