ڤیدیۆ؛ سوپرایزێکی سەرنجڕاکێش بۆ سێر ئەلێکس فێرگسۆن دەکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی لە پێشهاتێکی سەرنجڕاکێشدا بڕیارییدا سێر ئەلێکس فێرگسۆن، راهێنەری بەنێوبانگ و پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتد بەشێوەیەکی هەمیشەیی بکاتە ئەندامی یانەکەی.
 
ئینتراخت لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا میوانداریی ئەو راهێنەرە سکۆتلاندییەی کرد و بڕیارییدا، تاوەکو لە ژیاندا مابێت وەکو ئەندامی شانازی یانەکە مامەڵەی لەگەڵ بکات، ئەمەش بەهۆی ئەو پەیوەندییە بەهێزەی ئەو راهێنەرە پێشتر لەگەڵ یانەکە هەیبووە.
 
لە رێوڕەسمەکەدا فێرگسۆن بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە دەردەکەوێت و ملپێچ و درێسێکی یانەکە بە ژمارە 10 و ناوی خۆیەوە بەدیاری پێیدران.
 
سێر ئەلێکس فێرگسۆن تەمەنی 82 ساڵە، لە یەکەم یارییدا وەکو یاریزانی یانەی رێنجەرز لە ساڵی 1967 سێ گۆڵی بەرامبەر یانەی ئینتراخت فرانکفۆرت تۆمارکرد، لەو یارییە دۆستانەیەدا کە رێنجەرز بە 5-3 سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
ساڵی 1960 کاتێک هەردوو یانەی ئینتراخت فرانکفۆرت و گلاسکۆ رێنجەرز لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئەوروپادا رووبەڕووی یەکبوونەوە، لە یاریی گەڕانەوەدا فێرگسۆن لەنێو پەیژەکانی یاریگەوە سەیری یارییەکەی دەکرد و تیپەکەی بە شەش سێ دۆڕا و بە ئەنجامی هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە 12-4 تووشی دۆڕانێکی گەورە بوون.
 
سێر ئەلێکس فێرگسۆن، 39 ساڵ کاری راهێنەرایەتیی کردووە و زۆرینەی کاتەکانی کارکردنی وەکو راهێنەر لەگەڵ مانچێستەر یونایتد بووە، کە ماوەی 27 ساڵ راهێنەرایەتیی ئەو یانەیەی کردووە و چەندین نازناوی گەورە و جیاوازی لەگەڵ یانەکە بەدەستهێناوە.