پاریس سانجێرمان ئامادەیە زیدان بکاتە خاوەنی زۆرترین مووچە


رووداو - هەولێر

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا رایانگەیاندووە، یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی دەیەوێت لە هاوینی داهاتوودا پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەی بداتە دەست زینەدین زیدان، راهێنەری ریال مەدرید.

بەرنامەی ئێل چێرینگتۆی ئیسپانی رایگەیاندووە، دەستەی کارگێری پاریس سانجێرمان زیدان بە بژاردەیەکی زۆر باش دەزانێت بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتی یانەکە و ئامادەیە لاپەرە سپی بخاتە بەردەم راهێنەرە فەرەنسییەکە بۆ رازیبوون بە وەرگرتنی راهێنەرایەتی پاریسییەکان.

ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان ئامادەیە زیدان بکاتە خاوەنی گەورەترین مووچە لەنێو راهێنەرەکانی جیهاندا لە ئەگەری واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ یانەکە.

زیدان تاوەکو ئێستا دیارنییە کە لەگەڵ ریال مەدرید دەمێنێتەوە یان نا، بەڵام بەهۆی ئەنجامەکانی ئەم وەرزەی گومان هەیە وەرزی داهاتوو وەک راهێنەری ریال مەدرید بەردەوامبێت.

بەپێی سەرچاوەکە بردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ لەپێشەوەی هەموو پلانەکانی ریال مەدریدە بۆ مانەوەی زینەدین زیدان لەگەڵ یانەکە، لە ئەگەری شکستهێنان بۆ جێەجێکردنی ئەو پلانەی یانەکەش ریال مەدرید بیر لە گەڕاندنەوەی خۆسێ مۆرینیۆ، یان گرێبەستکردن لەگەڵ یۆرگن کڵۆپ دەکاتەوە.

ئونای ئیمری، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی لە چامپیۆنزلیگدا چاوەڕواندەکرێت لە کۆتایی ئەم وەرزەدا لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە.