ریال مەدرید کەس ناکاتە قوربانی بۆ ئێمباپێ

رووداو دیجیتاڵ
 
دەنگۆی پەیوەندیکردنی کیلیان ئێمباپێ، یاریزانی فەرەنسی و ئەستێرەی یانەی پاریس سانجێرمان بە یانەی ریال مەدریدەوە بەردەوامە و یانە ئیسپانییەکە نایەوێت هیچ یاریزانێک بکاتە قوربانی بۆ ئەستێرە فەرەنسییەکە.
 
لە ماوەی رابردوودا هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە کە ئێمباپێ بە پاریس سانجێرمانی راگەیاندووە کە هیچ گرێبستێکی دیکەی پێشكێش نەکەن، چونکە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا یانەکە بەجێدەهێڵێت، نزیکترین یانەش لە ئەستێرە فەرەنسییەکەوە ریال مەدریدە.
 
هاندەرانی یانە مەدریدییەکە دەیانەوێت دوای چەندین ساڵ لە چاوەڕوانی ئێمباپێ بە درێسی سپی یانەکەیانەوە ببینن، بەڵام بەشێکیان خەمی ئەوەیانە کە بە هاتنی ئەو یاریزانە، رەنگە ریال مەدرید پێویستبکات ئەستێرەیەک یان زیاتری یانەکە بفرۆشێت، ڤینیسیۆس جونیۆر و رۆدریگۆ دوو لەو یاریزانانەن کە هەندێک لە هاندەران پێشبینیان دەکرد بە هاتنی ئێمباپێ شوێنیان لە یانەکدا لەق ببێت، بەڵام بەپێی ماڵپەری رێلێڤۆ، پەیامی سپی پۆشەکانی مەدرید  روونە: تاکە لایەن کە پێویستە بە هاتنی ئێمباپێ نیگەران بێت، رکابەرەکانمانە.
 
بەپێی ماڵپەڕە ئیسپانییەکە، لەبەر دوو هۆکار چوونی ئێمباپێ بۆ ریال مەدرید هیچ مەترسییەک لەسەر شوێن و پێگەی ئەستێرەکانی دیکەی یانەکە درووستناکات، یەکەمیان لەبەر ئەوەیە کە یانەکە پێیوایە کە هەموو یاریزانەکان پێویستن بۆ تیپەکە جا بۆ ئێستا بێت یان داهاتوو، هۆکاری دووەمیش ئەوەیە کە ریال مەدرید لە رووی داراییەوە ماوەی چەندین ساڵە پلانی داناوە تاوەکو بتوانێت بێ ئەوەی هیچ کێشەیەکی ئابووری توشببێت ئێمباپێ بگوازێتەوە ریزەکانی.
 
رێلێڤۆ ئاماژەی بەوەشکردووە کە فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانە مەدریدییەکە لە چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری یانەکەدا باسی لە هێرشبەرانی تیپەکە کردووە کە بۆ 10 ساڵی داهاتوو سەرکردایەتی هێڵی پێشەوەی یانەکە دەکەن، هێرشبەرەکانیش بریتین لە بێلینگهام، رۆدریگۆ، ڤینیسیۆس و ئێمباپێ، بۆیە یانەکە نایەوێت هیچ ئەستێرەیەکی بفرۆشێت، بەتایبەتی ڤینیسیۆس کە وەک ماڵپەڕەکە ئاماژەی پێکردووە یەکێکە لەو یاریزانانەی زۆرترین پەرۆشی پێوە دیارە بۆ هاتنی ئێمباپێ. 
 
ئێمباپێ لە ساڵی 2018 لە یانەی مۆناکۆوە بەبڕی 180 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە پاریس سانجێرمانەوە کرد، لەگەڵ یانە پاریسییەکەدا لە 291 یاریدا بەشداری لە 349 گۆڵدا کردووە.