مانزوکیچ: زۆر بە زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ دەچم

رووداو دیجیتال

ماریۆ مانزوکیچ، هێرشبەری کرواتی دوای پەیوەندیکردنی بە ریزەکانی یانەی میلانەوە، گوتی "من لە ئیبراهیمۆڤیچ دەچم و 100% ئامادەم بۆ سەرکێشییە نوێکەم لەگەڵ میلان".

جەنگاوەرە کرواتییەکە پەرۆشی خۆی بۆ یاریکردن بۆ میلان و گەیشتنەوە بە هاوڕێیانی پێشووی تیپەکە و یاریکردن لەگەڵ زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ نیشاندا.

ئەو هێرشبەرە تەمەن 34 ساڵە، لە ساڵانی 2015 تاوەکو 2020 درێسی یوڤێنتوسی لەبەرکردووە، بەڵام لە سێریا ئەی کەمێک هەست بە بێزاربوون دەکات.

مانزوکیچ، لە هەڤپەیڤینێکیدا سەبارەت بە هۆکارەکانی پەیوەندیکردنی  بە میلانەوە گوتی "هۆکاری جیاواز هەیە بۆ ئەوەی میلانم هەڵبژاردووە، یانەیەکی مێژووییە و بەتەواوی لە ئاستی هیواکانمدایە، هەموومان دەزانین ئەم یانە گەورەیە واتا چی" .

مانزوکیچ لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "لەم دواییانەدا زۆر کارمکردووە بۆ ئەوەی متانەی یانەیەکی گرنگی وەک میلان بەدەستبێنم، لەم دواییانەدا زۆر راهێنانم کردووە و ئەوانەی لە من نزیکن دەزانن چەند هەوڵمداوە بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئامادەم بۆ ئالنگارییەکان، بۆیە پێویست ناکات خەمی توانای جەستەیی من بخۆیت".

هێرشبەری کرواتی ئەوەشی گوت "خۆشحاڵم کە سیمۆن کایەر لێرەیە، وەک چۆن لە ڤۆلفسبۆرگەوە ناسیومە و کاتێکی باشمان لەوێ پێکەوە بەسەربرد، بە نمایشەکەی سەلماندی کە یەکێکە لە کۆڵەکەکانی میلان، دوو رۆژ پێش ئێستا پەیوەندیم بە ئانتی ریپبیچەوە کرد و پێمگوت کە دێمە میلان".

ماریۆ مانزوکیچ دەبێتە جێگرەوەی زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ، بەڵام هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی کە پێکەوە نەتوانن یاری بکەن.

ماریۆ روونیشیکردەوە "من لە منداڵییەوە سەرسامم بە زڵاتان و خۆشحاڵم کە دواجار بۆ هەمان تیپ یاری دەکەین، هەردووکمان برسی سەرکەوتنین، هێشتا دڕندەیەک لەسەر یاریگەکاندا هەیە، هەوڵدەدەم وەک ئەوبم، پێموایە پێکەوە کاری باش دەکەین".

لە بەردەوامی قسەکانیدا ئەو هێرشبەرە گوتی "میلان یانەیەکە هەمیشە ئامانجی گەورەی هەیە، من راهاتووم، بۆیە هیچ کێشەیەک نییە، لەبەرئەوە یاری تۆپی پێ دەکەین، من لێرەم و هەموو شتێک دەکەم بۆ میلان".

مانزوکیچ زیاتر وەسفی میلانی کرد و گوتی "میلان یانەیەکی تایبەتە، تەنیا بڵێ میلان هەموو کەس دەزانێت باسی چی دەکەیت، مێژووی میلان سەرسوڕهێنەرە، پاڵەوانە مەزنەکان لێرە یارییان کردووە، هەموو جیهان سەرسامە بە میلان سەرنجڕاکێشە، ناتوانم چاوەڕێ بکەم تا لەگەڵ میلان دەستپێبکەم".

مانزوکیچ پەیامێکیشی بۆ هاندەرانی میلان نارد و گوتی "پەیامم بۆ هاندەران هەمیشە وەک خۆیەتی، من هەموو هەوڵم دەدەم، هەوڵدەدەم لە هەموو یارییەکدا بەرگری لە رەنگەکانی میلان بکەم، دەتوانم لە سەدا سەد دڵنیاتان بکەمەوە".