سوپرایزێکی نوێ مێسی دەباتەوە قۆناخی منداڵی

 
رووداو دیجیتاڵ

هەردوو یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی و نیۆڵز ئۆڵد بۆیزی ئەرجەنتینی دووپاتیانکردەوە کە یارییەکی دۆستانە ئەنجامدەدەن و چاوەڕواندەکرێت مێسی بەرامبەر یانەی منداڵیی یاریی بکات.
 
یانەی ئینتەرمەیامی ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی نوێ دەستپێدەکات، چاوەڕواندەکرێت رۆژی 15ـی شوباتی داهاتوو هەردوو یانە لە یارییەکی دۆستانەدا رووبەڕووی یەکببنەوە.
 
ئەگەر یارییەکە بکرێت و لیۆنێل مێسی بەشداریی تێدا بکات، بۆ یەکەمجار رووبەڕووی ئەو یانەیە دەبێتەوە کە بە منداڵی تێیدا دەرکەوت و بووە ئەم ئەستێرەیەی ئێستا.
 
مێسی لە رۆساریۆ لە دایکبووە، لە یانەی نیۆڵز ئۆڵد بۆیز دەستی بە یارییکردن کردووە، لە تەمەنی 13 ساڵیدا چووە بارسێلۆنا و پاشان پەیوەندیی بە یانە کەتەلۆنییەکەوە کرد.
 
جگە لەو یارییە دۆستانەیە، لە سەرەتای ساڵی نوێدا، ئینتەرمەیامی ئامادەکارییەکانی دەباتە سعودیە و لەوێش دوو یاریی دۆستانە بەرامبەر هەردوو یانەی هیلال و نەسڕ ئەنجامدەدات و مێسی و کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە وەرزی ریازدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
رێکخستنی یارییەکەی ئینتەرمەیامی و نیۆڵز ئۆڵد بۆیز، هاندەرانی یانەی ئەرجەنتییەکەی دڵخۆشکردووە و ئەوان وەکو یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین سوپرایزەکانی ساڵی نوێ سەیری یارییەکە دەکەن، بەتایبەت کە مێسی بەرامبەر ئەو یانەیە یاریی دەکات کە قۆناخی منداڵیی لەگەڵ ئەوان دەستپێکردووە.