ریال مه‌درید پلانێكی نوێی بۆ مێركاتۆ هه‌یه‌


رووداو – هه‌ولێر

راپۆرته‌ رۆژنامه‌ڤانییه‌كان ئاشكرایانكردووه‌، یانه‌ی ریال مه‌درید چاودێریی محه‌ممه‌د سه‌ڵاحی یاریزانی یانه‌ی لیڤه‌رپوول ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ هاوینی داهاتوودا بیباته‌ ریزه‌كانییه‌وه‌.

ماڵپه‌ڕی كاڵچیۆ مێركاتۆ و رۆژنامه‌ی ده‌یلی ستار بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌، یانه‌ی ریال مه‌درید پێیانوایه‌ ده‌سته‌واره‌یه‌ك به‌ بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ، كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی 88 ملیۆن پاوه‌ند، واده‌كات كارگێڕیی یانه‌ی لیڤه‌رپوول رازیبن بۆ ده‌ستبه‌رداربوون له‌ سه‌ڵاحی میسری.

كارگێڕیی ریال مه‌درید له‌وه‌ ده‌كۆڵنه‌وه‌، گاریس به‌یڵ بخه‌نه‌ نێو ئه‌و ده‌سته‌واره‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هانی یانه‌ی لیڤه‌رپوول بده‌ن بۆ ده‌ستبه‌رداربوون له‌ یاریزانه‌كه‌ و هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ی پاره‌یه‌كی كه‌متر بده‌ن، هه‌رچه‌نده‌ راپۆرته‌ هه‌واڵه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، به‌یڵ حه‌زده‌كات رووبكاته‌ مانچێسته‌ر یونایتد.

محه‌ممه‌د سه‌ڵاح ئه‌م وه‌رزه‌ ئاستێكی نموونه‌یی له‌گه‌ڵ لیڤه‌رپوولدا پێشكه‌شده‌كات و ئێستا له‌ پێشه‌وه‌ی گۆڵكارانی پرێمه‌رلیگی ئینگلیزییه‌ به‌ 14 گۆڵ، هه‌روه‌ها رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو بۆ گه‌یاندنی هه‌ڵبژارده‌ی میسر بۆ مۆندیالی رووسیا، كه‌ 28 ساڵ بوو میسر له‌ گه‌یشتن به‌ مۆندیال بێبه‌ش بوو.

 

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ گاریس به‌یڵ ئه‌م وه‌رزه‌ به‌ ده‌ست پێكانه‌ زۆره‌كانییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت و ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ باس له‌ رۆیشتنی له‌ تیپه‌كه‌ بكرێت و زیاتریش باس له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ خولی ئینگلیزی ده‌كرێت، كه‌ پێشتر تاوه‌كو 2013 یاریزانی تۆتێنهام بووه‌.