دیشام، ئێمباپێ شۆک دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دیدێ دیشامی راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، لە هەنگاوێکی نوێدا، کیلیان ئێمباپێی کاپتنی هەڵبژاردەکە شۆک دەکات، بەڵام بڕیاری کۆتایی بۆ ئەو یاریزانە بەجێدەهێڵێت.
کیلیان ئێمباپێ، لە دوو گەڕی پێشووی یارییەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسا لە نەیشنسلیگ بەشدارینەکرد، پاشئەوەی لە لیستی هەڵبژاردەکە دوورخرایەوە.
پێشتر راهێنەری فەرەنسا بەبێئەوەی روونکردنەوە لەبارەی هۆکاری دوورخستنەوەی ئێمباپێ بدات، بە رۆژنامەڤانانی گوت، واز لە ئێمباپێ بهێنن ئەو لەگەڵ ئێمە نییە.
پێشتریش، ئێمباپێ لە دوو گەڕی یارییەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسا دووخرابووەوە، ئەوکات بیانوو بۆ رووداوەکە، ئامادەنەبوونی کیلیان بوو لە رووی جەستەییەوە، پاشئەوەی لەگەڵ ریال مەدرید دووچاری پێکانبوو.
ئێمباپێ بەدۆخێکی باشدا لەگەڵ ریال مەدرید تێناپەڕێت، لە دووایین چوار یاریی یانەکەیدا گۆڵی نەکردووە، دیدێ دیشام رایگەیاندبوو کە ئێمباپی دڵخۆش نییە.
رۆژنامەی 'لیکیپ'ی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، "دیشام بڕیاریداوە پەیوەندی بە ئێمباپێوە بکات تاوەکو پرسیاری لێبکات لەبارەی نیشانەی کاپتنیی هەڵبژاردەکەوە".
رۆژنامەکە دەڵێ، دیشام دەیەوێت بزانێت ئایا ئێمباپێ دڵخۆشە بە لەقۆڵکردنی نیشانەی کاپتنی یان نا؟
ئێمباپێ کە هاوینی ئەمساڵ بێبەرامبەر لە پاریس سانجێرمانەوە رووی لە ریال مەدرید کرد، هێشتا سەرقاڵی کێشەی وەرنەگرتنی بەشێک لە مووچە و پاداشتەکانیەتی لە یانە فەرەنسییەکە.
رۆژنامە فەرەنسییەکە دەڵێ، راهێنەری فەرەنسا بڕیاریداوە خۆی پەیوەندی بەئێمباپێوە بکات و پرسیاری لەبارەی ئەوەوە لێبکات، لە دوای گەڕانەوەی بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسا، دەیەوێت بەکاپتنی هەڵبژاردەکە بمێنێتەوە یان نا.
بەپێی رۆژنامەی 'لیکیپ' دیشام هەستدەکات، نیشانەی کاپتنیی هەڵبژاردەی فەرەنسا، قورسایی زیاتری لەسەر دەروونی ئێمباپێ دروستکردووە.
هەنگاوەکەی دیشام، پاشئەوە دێت کە ئەو راهێنەرە هەستی کردبوو ئێمباپێ ئاماژەی بەوەداوە کە نایەوێت چیدی کاپتنی هەڵبژاردەکە بێت و تەنیا دەیەوێت وەک یاریزانێک بمێنێتەوە.
'لیکیپ' دەڵێ، ئەگەر ئێمباپێ نەیەوێت بەکاپتن بمێنێتەوە، دیشام بڕیارەکە قبووڵ دەکات و ئەوکات لە نێوان هەریەکە لە ئۆریلیێن چوامینی، نگۆلۆ کانتێ و براهیما کۆناتێ، یەکێکیان دەکاتە کاپتنی هەڵبژاردەکە.
ئێمباپێ لە وەرزی یەکەمیدا لەگەڵ ریال مەدرید، بەشداری 16 یاریی کردووە و هەشت گۆڵ و دوو ئەسیستی هەیە.