ئەیمەن حوسێن پێشەنگی گۆڵکارانی جیهانە لە 2024

رووداو هەولێر 

ئەیمەن حوسێن، هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق دوای ئەوەی لە ساڵی 2024 توانی 13 گۆڵ بۆ هەڵبژاردەکەی تۆماربکات، ئێستا پێشەنگی گۆڵکارانی جیهانە لەسەر ئاستی نێودەڵەتی. 
 
ئەستێرەکەی هەڵبژاردەی عێراق ساڵی 1996 لەشاری کەرکووک لەدایکبووە، دەستپێکی گۆڵەکانی وەرزی ئەمساڵی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق لە جامی نەتەوەکانی ئاسیا لە قەتەر بوو کە توانی شەش گۆڵ تۆماربکات، لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 توانیویەتی ببێتە خاڵی بەهێزی تیپەکەی بە تۆمارکردنی 7 گۆڵ.
 
ئێستا هەموو چاوەکان و میدیای عێراق لەسەر تواناکانی ئەیمەن حوسێنن، لەبەرئەوەی بووەتە شوێنگەرەوەی یونس مەحموودی کاپتنی پێشووی هەڵبژاردەی عێراق کە ئاست و گۆڵەکانی وایکرد عێراق نازناوی جامی نەتەوەکانی ئاسیای 2007 بباتەوە، ئەیمەن حوسێن تەنیا لە یاریی عێراق و کوێت تووشی پێکان بوو، تیپەکەی نەیتوانی براوە بێت و لەو یارییەدا بەبێ گۆڵ لەگەڵ رکابەرەکەی یەکسانبوون. 
 
ئەمین عەباس، شرۆڤەکاری تۆپی پێ لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "ئەیمەن حوسێن باشترین یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقە و خاڵی بەهێزی تیپەکەیە، چاوەڕواندەکرێت ببێتە گۆڵکاری مێژووی و ریکۆردی نوێ تۆماربکات، تەنیا کێشەی ئەم یاریزانە ئەوەیە کە زۆر ماندووە بەهۆی ئەو گوشارەی لە یارییەکانی یانەکەی و هەوڵەکانی بۆ بردنەوەی عێراق دەیدات". 
 
گۆڵکارەکەی هەڵبژاردەی عێراق لە ریزی یانەی خوری قەتەری یاریدەکات، پێشتر لە خولی عێراق یاری بۆ یانەکانی غازی شیمال، دهۆک، نەفت، شورتە، جەوییە یاریکردووە، وەرزی رابردوو توانی نازناوی گۆڵکاری خولی ئەستێرەکانی عێراق بە تۆمارکردنی 27 گۆڵ.
 
لیستی ناوی گۆڵکارانی هەڵبژاردەکان لەسەر ئاستی جیهان بۆ ساڵی 2024 بەمشێوەیە: 
 
1 - ئەیمەن حوسێن، هەڵبژاردەی عێراق 13 گۆڵ.
2 - ئەکرەم عەفیف، هەڵبژاردەی قەتەر 12 گۆڵ. 
3 - یەزن نەعیمات، هەڵبژاردەی ئوردن 11 گۆڵ.
4 - موسا تەعمەری، هەڵبژاردەی ئوردن 9 گۆڵ.
5 - لاوتارۆ مارتینێز، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین 9 گۆڵ.
6 - مەهدی تارمی، هەڵبژاردەی ئێران 8 گۆڵ.
7 - هیونگ مین سۆن، کۆریای باشوور 8 گۆڵ.
8 - جۆردن ئایۆ، هەڵبژاردەی غانا 8 گۆڵ.
9 - هاری کەین، هەڵبژاردەی ئینگلتەرا 6 گۆڵ.
10 - ئادیمۆلا لوقمان، هەڵبژاردەی نایجیریا 6 گۆڵ.