مێسی و نەیمار زیانێکی زۆریان بە پاریس سانجێرمان گەیاندووە

رووداو دیجیتاڵ

هەردوو ئەستێرە، لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی و نەیمار جونیۆری بەرازیلی بە رۆیشتنیان لە یانەی پاریس سانجێرمانی پاڵەوانی خولی فەرەنسا، زیانێکی گەورەیان بەو یانەیە گەیاندووە.
 
رۆژنامەی لیکێپی فەرەنسی بڵاویکردەوە، رۆیشتنی نەیمار و مێسی لە پاریس سانجێرمان لەم هاوینەدا زیانێکی زۆری ئابووری بۆ یانەکە لێکەوتووەتەوە.
 
ئەو رۆژنامەیە، دەڵێت "لەگەڵ پەیوەندیکردنی مێسی لە هاوینی 2021 بە پاریس سانجێرمانەوە، ژمارەی فۆڵۆوەرسەکانی یانەکە لە ئینستاگرام 20 ملیۆن زیادیکرد".
 
زیاتر دەڵێت "لە دوای رۆیشتنی لیۆ بۆ یانەی ئینتەرمەیامی، ژمارەی فۆڵۆوەرسەکانی پاریس سانجێرمان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، کە دەگاتە 10 بۆ 15 ملیۆن کەس".
 
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە دابەزینی ژمارەی فۆڵۆوەرسەکانی سۆشیال میدیا، زۆر لە سپۆنسەرەکانی یانە پاریسییەکە دوای رۆیشتنی مێسی و نەیمار گومانیان هەیە و دوودڵن لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکانیان.
 
هەروەها ئاشکرابووە کە سپۆنسەرە قەتەرییەکانی یانەکە سست بوون لە پێدانی پارەی سپۆنسەری یانەکە، هەروەها کارگێڕیی یانەکە ئێستا لە کێشەدایە بۆ دۆزینەوەی سپۆنسەر بۆ بارەگای نوێی مەشقەکان، هەروەها بەشی دواوەی  درێسەکانی تیپەکە.
 
رۆژنامەکانی فەرەنسا، دووپات لەوە دەکەنەوە کە دەستبەرداربوون لە مێسی و نەیمار لەلایەن پاریسەوە لە یەککاتدا بووە هۆی خاوبوونەوە و دابەزینی بەرچاوی پرۆسەی فرۆشتنی بلیتی یارییەکانی تیپەکە.
 
لە کۆتایی راپۆرتەکەی لیکێپدا هاتووە، هێشتا بلیتەکانی یارییەکەی پاریس بەرامبەر ستراسبۆرگ، دوای سێ هەفتە نەفرۆشراون، کە لە کاتی بوونی مێسی و نەیماردا ئەو شتە ئاسایی نەبوو.