نایگێلسمان ناوی ئەوانە ئاشکرا دەکات کە لە بایرن میونشن دەریانکرد


رووداو دیجیتاڵ

یولیان نایگێلسمان، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، هەڵوەستەی لەسەر بابەتی دوورخستنەوە و دەرکردنی لە مەشقدانی یانەی بایرن میونشن کردووە لە مانگی سێی ساڵی 2023، رەخنەی لە یانەکەش گرتووە بەهۆی بڕیارەکەوە.
 
نایگێلسمانی 37 ساڵ، لە چاوپێکەوتنێکی تۆڕی ئاڕ تی ئێڵی فەرەنسی دەڵێ، بڕیاری دوورخستنەوەم لە مەشقدانی بایرن میونشن بەپەلەپڕوزێ بوو.
 
یولیان ئاماژەی بەوەداوە کە بڕیاری دوورخستنەوەکە لە دەستەی کارگێڕیی ئەوکاتی یانەکەوە دەرنەچووە، بەڵکو ئەوە بڕیاری کارل هایزن رۆمەنیگێ و ئۆلی هۆنیس بووە کە هەردووکیان لە ئەفسانەکانی یانەکەن و قورسایی زۆریان لە بایرندا هەیە و کاریگەرییان لەسەر بەرپرسانی یانەکە هەیە.
 
یولیان دەڵێ دووانەی رۆمەنیگێ - هۆنیس کاریگەرییان لەسەر بڕیار و بیرکردنەوەی ئۆلیڤەرکان و حەسەن ساڵح حەمیدزیچ دروستکرد، بۆ ئەوەی کۆتایی بەکاروانی من لەگەڵ یانە باڤارییەکە بهێنم.
 
نایگێلسمان هەروەها روونیکردووەتەوە، "کاتێک چوومە یانەکە، قۆناخی گۆڕانکاری لە ئارادابوو، حەمیدزیچ کاری دەکرد بۆ ئەوە، پێموایە لەو دۆخەدا دەکرا گۆڕانکاری باشتر بکرێت، هەردوەها دەبوو حەمید و کان خۆیان لەکاریگەریی رۆمەنیگێ و هۆنیس دووربخەنەوە و لەژێر هەژموونیان بێنە دەرەوە، بەڵام نەیاندەتوانی ئەوە بکەن".
 
راهێنەری ئێستای ئەڵمانیا، نموونەی کارکردنی ئارام و لەسەرخۆ بە یانەکانی لیڤەرپوول و مانچێستەر سیتی لەگەڵ یۆرگن کلۆپ و پێپ گواردیۆلا دەهێنێتەوە، لە کاتێکدا وەکئەوەی دەڵێ، لە بایرن هەمووان بەنیازبوون بەشەو و رۆژێک من هەموو شت چاک بکەم و سەرکەوتنی گەورە بەدەست بهێنم.
 
نایگێلسمان لە 2021 تاوەکو 2023 راهێنەری بایرن میونشن بوو، دوای دوورخستنەوەی، تۆماس توخێل بەڕاهێنەری نوێی یانەکە دەستنیشانکرا.
 
دوورخستنەوەی نایگێلسمان لە مەشقدانی بایرن میونشن پرسیاری زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، چونکە یانەکە لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا ئەنجامی باشی بەدەستدەهێنا و رکابەربوو لەسەر نازناوەکان.