ناوبژیوانێک، سکانداڵێکی گەورەی خۆی بۆ خاترگرتنی مێسی ئاشکرا دەکات


رووداو دیجیتاڵ

کارلۆس چاندیا ئالارکۆنی ناوبژیوانی پێشووی نێودەوڵەتی کە لەدایکبووی چیلییە، ئاشکرایکردووە لە یەکێک لەو یارییانەدا کە مێسی بەشداری تێدا کردووە، سکانداڵێکی گەورەی ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی خاتری مێسی بگرێت و لە کۆتاییدا درێسەکەی لیۆی بەدەستهێناوە.
 
ئەوەی ناوبژیوانەکە باسیکردووە، لە یارییەکی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بووە لە کۆپا ئەمێریکای 2007.
 
ئەوکات مێسی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین یارییدەکرد و رووبەڕووی هەڵبژاردەی مەکسیک دەبوونەوە. وەک ناوبژیوانەکە دەڵێ، مێسی بەدەست، رێگەی لە هێرشێکی مەکسیکییەکان گرت و بەدەستی تۆپەکەی لەژێر کۆنترۆڵی ئەوان دەرهێنا، بەڵام ئەوکات ئەنجامی یارییەکە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بوو بۆ ئەرجەنتین. و تەنیا چەند خولەکێک مابوو یارییەکە تەواو ببێت.
 
چاندیا لە لێدوانی بۆ میدیای چیلی گوتوویەتی "من بینیم کە مێسی تۆپەکەی بەدەست دوورخستەوە و بەئەنقەست وایکرد، ئەگەر کارتی زەردم بدایەتێ، نەیدەتوانی بەشداری لە یاریی کۆتایی بکات بەرامبەر بەرازیل".
 
هەروەها دەڵێ، "چوومە لای مێسی و پێمگوت، ئەوەی کرد بەپێی یاسا شایستەی کارتی زەردە، بەڵام بڕیاری من ئەوەیە کە کارتە زەردەکەت نادەمێ، بەڵام درێسەکەتم دەوێت".
 
ئەو ناوبژیوانە ئاشکرایکردووە، دوای یارییەکە روویکردووەتە ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و درێسەکەی مێسی بەدەستهێناوە وەک پاداشتی پێنەدانی کارتە زەردەکە.
 
چاندیا دەڵێ، "لەڕاستیدا مێسی دەیویست لە نێو یاریگە و هەر دوای تەواوبوونی یارییەکە راستەوخۆ درێسەکەم بداتێ، بەڵام من پێمگوت نا نا، بیبە ژووری جلگۆڕین و من خۆم دوایی دێم دەیبەم".
 
یاریی کۆتایی کۆپا ئەمێریکای 2007 بەسەرکەوتنی هەڵبژاردەی بەرازیل بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر کۆتاییهات.