رووداو ناوی راهێنەری نوێی ئەڵمانیا و وردەکاریی گرێبەستەکەی ئاشکرا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا، لە راگەیاندنی ناوی راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی نزیکبووەتەوە بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی تیپەکە بکات لە یۆرۆی داهاتوودا کە لەو وڵاتە بەڕێوەدەچێت.
زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا رایگەیاند، راهێنەری داهاتووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا یولیان نایگێلسمان، راهێنەری پێشووی یانەی بایرن میونشن دەبێت و گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا بۆ واژۆکردنی گرێبەستی نێوانیان لە قۆناخی کۆتاییدایە و هەنگاوەکان لەسەر رێگەی راستن بۆ ئەوەی راهێنەری نوێی مانشافت دیاریی بکرێت.
پەیامنێری رووداو بەدواداچوونی بۆ وردەکارییەکانی گرێبەستی راهێنەری نوێی ئەڵمانیا کردووە و دەڵێت "گرێبەستی نایگێلسمان لەگەڵ فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا تاوەکو دوای یۆرۆی 2024 دەبێت، مووچەی مانگانەی راهێنەرەکە دوای بوون بە راهێنەری ئەڵمانیا 400 هەزار یۆرۆ دەبێت."
زنار شینۆ زانیاریی زیاتری دەستکەوتووە و دەڵێت "ئەوەی لە گرێبەستەکەدا گرنگە، ئەوەیە کە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەڵمانیا، لەگەڵ بایرن میونشن گەیشتووەتە رێککەوتن کە هیچ بڕە پارەیەک لە بەرامبەر گرێبەستکردن لەگەڵ نایگێلسمان ناداتە یانە باڤارییەکە، لەکاتێکدا هەرچەند ئەو راهێنەرە لەگەڵ بایرن میونشن نەماوە، بەڵام هێشتا گرێبەستەکەی هەڵنەوەشێنراوەتەوە."
یولیان نایگێلسمان، تەمەنی 36 ساڵە، پێشتر راهێنەرایەتیی یانەکانی هۆفێنهایم، لایپزیگ و بایرن میونشنی کردووە و لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، شوێنی هانزی فلیک دەگرێتەوە، کە بەهۆی ئەنجامە خراپەکانییەوە لە کارەکەی دوورخرایەوە.
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، هاوینی ساڵی 2024 میوانداریی رکابەرییەکانی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا دەکات و دەیەوێت پێکهاتەیەکی بەهێزی هەبێت، بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە بکات.