خولی نایابی بالەی عێراق بەڕێوەدەچێت

رووداو - هەولێر 

یەکێتیی ناوەندی بالەی عێراق، کۆبوونەوەی بەشێوەی ئۆنلاین ئەنجامدا و وادەی دەستپێکردنی چالاکییەکانی وەرزیی داهاتووی دیاریکرد.

کۆبوونەوەکە بە بەشداری سەرۆک و سەرجەم ئەندامانی یەکێتییەکە بوو، سەرەتا بڕیاردرا هەموو سزای دارایی و کارگێڕی سەر یانە و یاریزانان هەڵبگیرێت، هەروەها ناوەندی پێگەیاندنی یاریزانانی بالە لە هەموو شارەکانی عێراق دەکرێنەوە. 

یارییەکانی وەرزی نوێی خولی بالەی یانە پلەیەکەکانی عێراق رۆژی 22ی مانگی سێپتێمبەر دەستپێدەکات و هەفتەیەک بەردەوام دەبێت، کێبرکێکانی بە شێوازی چوار کۆمەڵە بەڕێوەدەچێت.

وەرزی رابردوو یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بۆ دووەمجار لە مێژووی خۆیدا نازناوی خولی نایابی عێراقی بەرزکردەوە و نوێنەری عێراقە بۆ پاڵەوانێتی یانەکانی ئاسیا.

یەکێتیی بالەی عێراق بڕیاریدا یارییەکانی وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق رۆژی 19ی مانگی نۆڤێمبەر دەستپێبکات و هەر یانەیەک دەبێت دوو یاریزانی ئاستی لاوان بەشداری پێبکات.

عەلا ساعدی، گوتەبێژی یەکێتیی بالەی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕیی میدیایی رووداو رایگەیاند "یەکێتییەکەمان تەواو پابەندی رێنماییەکانی شانەی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنایە و ئەو لایەنە لەبەرچاو دەگرین، هەروەها دەمانەوێت وەرزی داهاتوو رکابەرییەکی بەهێز لە نێوان یانە بەشدارەکان ببینین".