تایبەت بە رووداو؛ ئەو یاریزانەی لە هێرشبەرەوە بووە گۆڵپارێز وازدەهێنێت


رووداو - هەولێر

ئەستێرەیەکی یانەی هەولێر وەرزی داهاتوو، وەک یەکێک لە ئەندامانی دەستەی راهێنەرایەتی یانەکە کاردەکات و پۆستی راهێنەرایەتی گۆڵپارێزەکانی یانەکە وەردەگرێت.

دکتۆر عەبدولڵا مەجید، سەرۆکی یانەی هەولێر لەلێدوانێکی تایبەتدا بە رووداوی گوت، وەرزی داهاتوو دیدار حامید، گۆڵپارێزی یانەی هەولێر دەبێتە راهێنەری گۆڵپارێزەکانی یانەکە و ئەزموونی خۆی دەخاتە خزمەت یانەکە، بۆ بەرەوپێشبردنی توانای گۆڵپارێزەکانی یانەکە.

دیدار حامید، گۆڵپارێزی یانەی هەولێر لە میانی بەشدارییکردنی لە بۆڵتەنی هەواڵەکانی وەرزش لە رووداو بەشێوەیەکی جیاواز ماڵئاوایی لە هاندەران کرد و گوتی، دەمەوێت لە رێگەی ئەم کەناڵەوە وازهێنانی خۆم رابگەیێنم و چیدیکە دیدار وەک گۆڵپارێز لەنێو لاکێشەی سەوزدا دەرناکەوێت، دەشڵێت چەندین یانە داوایان لێکردم یارییان بۆ بکەم، بەڵام دەمەویست بە گەورەییەوە واز لە یارییکردن بهێنم.

گۆڵپارێزەکەی هەولێر دەربارەی باشترین هێرشبەر کە لە کاروانی یارییکردنی خۆی بەرامبەری یارییکردبێت گوتی، ئەحمەد موناجد باشترین هێرشبەر بووە بەرامبەری یارییمکردبێت، ئەوەشی راگەیاند، ئەو گۆڵەی لەم وەرزەدا بەرامبەر نەفت لێی کرا، هیوای دەخواست گۆڵەکەی لێنەکرابا.

لەبارەی ئەو یارییەی کە هەمیشە لەلای دەمێنێتەوە دیدار حامید گوتی، کاتێک بەرامبەر یانەی قادسییەی کوەیتی لە خولی پاڵەوانەکانی ئاسیا ئەنجامیاندا بۆ هەمیشە وەک یادگاری لەلای دەمێنێتەوە، کاتێک لەنێو کوەیت سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.

دیدار حامید لە کاروانی یارییکردنی خۆیدا لە یەک شت پەشیمانە، ئەویش ئەوەبوو کە لە وەرزی 2005-2004 یانەیەکی بولگاری داوای گواستنەوەی کردووە، بەڵام رەتیکردووەتەوە پەیوەندی بەو یانەیەوە بکات.

دیدار حامید، گۆڵپارێزی یانەی هەولێر ئەو هەواڵەی بۆ رووداو پشتڕاستکردەوە کە دەبێتە راهێنەری گۆڵپارێزانی هەولێر و گوتی، لەگەڵ یانەی هەولێر گفتوگۆمان لەو بارەیەوە کردووە و گەیشتووینەتە رێککەوتنی کۆتایی، بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەرایەتی گۆڵپارێزی یانەکە وەربگرم.


 

دیدار زیاتر گوتی، مانگی داهاتوو بەشداری لە خولێکی راهێنانی ئاستی سی، لەسەر ئاستی ئاسیا دەکەم، بۆ ئەوەی بڕوانامەی راهێنەرایەتی وەربگرم و بەتەواوی بۆ ئەو ئەرکە ئامادەبم، هەروەها گوتیشی بڕوانامەیەکی ئەڵمانیم هەیە و خولێکی راهێنانم بینیووە، بەڵام لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا دانیپێدانانرێت.

دیدار حامید، لەبارەی کاتی وازهێنانی خۆی لە یارییکردن گوتی، یانەی هەولێر پێی راگەیاندووم بۆ ئەوەی لەو یارییانەی کە ماویەتی لە خولی عێراق، یەکێکیان دیاریی بکەم بۆ ئەوەی وازهێنانی خۆم رابگەیێنم، بەڵام من ئەوەم رەتکردووەتەوە و لە یارییەکی دۆستانەدا کە لە ماوەی داهاتوودا دەکرێت بەفەرمی وازهێنانی خۆم لە یارییکردن رادەگەیێنم و روودەکەمە کاری راهێنەرایەتی.

دیدار حامید لە ساڵی 1979 لە تەیراوەی شاری هەولێر لە دایکبووە، بەڵام لە گەڕی ئازادی گەورەبوو، ئەو ماوەی 21 ساڵە لەنێو یاریگە دەردەکەوێت.

دیدار تەمەنی 41 ساڵە، ئەو سەرەتای یارییکردنی لە هێلی هێرشبەر بووە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، فەرحان جەبار و مەحموود عەزیز کە پێشتر راهێنەری ئەو بوون، لە یەکێک لە یارییەکاندا کە گۆڵپارێزەکەیان ئامادەنەبوو، دیدار حامیدیان کردووەتە گۆڵپارێز و لەو کاتەشەوە وەک گۆڵپارێز دەردەکەوێت.

گۆڵپارێزەکەی یانەی هەولێر لە یانەکانی هەولێر، زاخۆ، ئارارات یارییکردووە، هەروەها لە هەڵبژاردەی کوردستان، هەڵبژاردەی لاوانی عێراق، ئۆڵیمپی و پێشکەوتووانی عێراقیش یارییکردووە، 4 جار لەگەڵ یانەی هەولێر بووەتە پاڵەوانی خولی نایابی عێراق، هەروەها 5 نازناوی خولی نایابی کوردستانیشی لەگەڵ یانەکە بردووەتەوە.

دیدار حامید، یەکێک لە دیارترین گۆڵپارێزەکانی کوردستان و عێراقە، سێ جار وەک باشترین گۆڵپارێزی کوردستان دیارییکراوە، کە لە وەرزەکانی 2010-2009-2012-2011-2018-2019 بووە و جارێکیش وەک باشترین گۆڵپارێزی عێراق دەستنیشانکردووە.