سەمیر بابۆ دەیەوێت هاندەرانی هەولێر ئاسوودە بکات
رووداو هەولێر
لە گەڕی 33ـی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە کاژێر 16:45 یانەی هەولێر میوانداریی یانەی نەفتی میسان دەکات.
درێس زەردەکان بەسەرکردایەتی سەمیر بابۆی راهێنەر، لەم یارییەدا دەیانەوێت چێژی سەرکەوتن بە هاندەرانیان ببەخشن، لەبەرئەوەی بردنەوە و وەرگرتنی سێ خاڵی یارییەکە دوورکەوتنەوە و دڵنیایی دەبەخشێتە یانەی هەولێر، چونکە بەئەنجامێکی خراپ یانەی هەولێر نزیکدەبێتەوە لە ناوچەی مەترسی.
سەمیر بابۆ، دوایین یەکەی راهێنانی تیپەکەی بەشێوەیەکی داخراو و دوور لە چاوی میدیاکان ئەنجامدا، ئەمەش لەپێناو دوورخستنەوەی یاریزانان لە گوشاری دەروونی و مانەوە لە کەشێکی ئارامدا.
پێشتر سەمیر بابۆ، راهێنەری یانەی هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو "هەوڵدەدەین بۆ یارییەکانی داهاتوومان ریزەکانمان بەشێوەیەکی باش رێکبخەینەوە و بتوانین دڵنیایی مانەوەمان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق مسۆگەر بکەین".
یانەی نەفتی میسان بەکۆکردنەوەی 39 خاڵ لە پلەی یازدەمی ریزبەندییە، هەفتەیەکە تیپەکە راهێنانەکانی هێناوەتە شاری هەولێر و دەیەوێت ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنن.
یانەی هەولێر 33 خاڵی هەیە لە پلەی چواردەی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراقە.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر بەشێوەیەکی فەرمی بڕیاریدا محەممەد کازم، ئەستێرەی پێشووی یانەکە بکاتە یاریدەدەری راهێنەری یانەکەیان.
لە مێژووی یارییەکانی خولی عێراقدا، یانەی هەولێر 12 یاری بەرامبەر یانەی نەفتی میسان ئەنجامداوە، هەولێر 6 یاری بردووەتەوە، 3 یاری نەفتی میسان سەرکەوتوو بووە و لە 3 یاریشدا یەکسانبووە.