فێرناندۆ سانتۆس: هەرگیز لە ئەڵمانیا ناترسم

رووداو دیجیتال

فێرناندۆ سانتۆس، راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال، لەبارەی یارییەکەیان بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، پەسنی تیپەکەی دا و گوتیشی "هەرگیز لە ئەڵمانیا ناترسم".

ئەمڕۆ کاژێر 19:00 بە کاتی باشووری کوردستان، یاریگەی ئالیانز ئارێنا لە شاری میونشنی ئەڵمانی دەبێتە گۆڕەپانی یارییەکی زۆر گرنگی کۆمەڵەی شەشەم، کاتێک ئەڵمانیا و پۆرتوگال رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.

فێرناندۆ سانتۆس، راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "وابزانم ئێستا هیچ هەڵبژاردەیەکی ئەوروپا نییە پێیوابێت کە دەتوانێت بەئاسانی لە ئێمە بباتەوە، هەرگیز لە ئەڵمانیا ناترسم، پێموایە هەردوو هەڵبژاردە رێز لە یەکدی دەگرن".

ئەو زیاتر گوتی "هەردوو هەڵبژاردە دەتوانن یارییەکە لە بەرژەوەندی خۆیاندا یەکلایی بکەنەوە، ئەگەر یاریزانەکانمان وا بیربکەنەوە کە پۆرتوگال بەربژێرە بۆ بردنەوە لە ئەڵمانیا، پێموایە ناتوانین ئەم یارییە ببەینەوە".

سانتۆس ئەوەی روونکردەوە کە چۆن دەتوانن لە ئەڵمانیا ببەنەوە و گوتی "بێبەشکردنی ئەڵمانیا لە کۆنترۆلکردنی تۆپ چەکێکی سەرەکیمانە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی دووەم بەسەریەکەوە، دەبێت ئەڵمانەکان لە ناوچەی مەترسیدار دووربخەینەوە و رێگەیان پێنەدەین تۆپی درێژ بۆ پشت بەرگریکارەکانمان بنێرن".

سانتۆس لە بەردەوامی قسەکانیدا، گوتی "ئەڵمانیا هەمیشە لە رێگەی تۆنی کرووسەوە دەتوانێت تیپی بەرامبەر تووشی سوپرایز بکات و تۆپ بخاتە دوای بەرگریکارانەوە، بۆیە چەکی سەرەکیمان کۆنترۆلکردنی تۆپە".

راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال، روونیشیکردەوە "ئەوان زۆر حەزدەکەن لە دواوە پاسی زۆر بدەن، بەڵام فەرەنسا ئەوانیان لە سێیەکی کۆتایی یاریگەدا لە بەدەستهێنانی رووبەر بێبەشکردبوو، فەرەنسییەکان ئاستێکی جوانیان پێشکەشکرد، دەبێت ئێمەش کەم تۆپ لەدەستبدەین".