فایناڵی جامی فەرەنسا.. پاریس و مۆناکۆ بە یادی جاران

رووداو دیجیتال 

یانەی پاریس سانجێرمان لە هەنگاوێکی گرنگدا بۆ پاراستنی وەرزەکەی لە وشکەساڵی و بێ نازناوی، لەگەڵ یانەی مۆناکۆی رکابەرە دێرینەکەی یاری دەکات، دوای ئەوەی لە فایناڵی جامی فەرەنسا بەیەکدەگەن.

ئەمشەو کاژێر 22:15 لە یاریگەی ستاد دێ فرانس لە دەرەوەی شاری پاریس، یانەی مۆناکۆ کە ئەم وەرزە بە بەهێزی گەڕاوەتەوە و بە سەرکردایەتی نیکۆ کۆڤاچی کرواتی و گۆڵکەری بەتوانا ویسام بن یەدر، رووبەڕووی ئێمباپێ و کوڕانی پۆچێتینۆ دەبنەوە، لەو یارییەی کە نەیمار داسیلڤای بەرازیلی بەهۆی سزادانەوە یاری ناکات.

لەم یارییەدا پرێسنل کێمپامپێی بەرگریەری پاریسیش بەهۆی راگیرانەوە ئامادەی یاریکردن نابێت، لە یانەی مۆناکۆش ستیڤان یۆڤیتیچ و سوفیان دویب یاری ناکەن.

پاریس کە 13 جار بووەتە پاڵەوانی نازناوەکە و مۆناکۆش کە 5 جار ئەم جامەی بەرزکردەوە، هەوڵ بۆ بردنەوەی نازناوی ئەمساڵ دەدەن و دەیانەوێ هاندەرانیان بەم پاڵەوانێتییە دڵخۆش بکەن.

پاریس لەم هەفتەیەدا یاریی لەسەر دوو نازناوی گرنگ دەکات، بە رێژەیەکی کەم هەلی بردنەوەی خولی فەرەنسیی ماوە، بەڵام بۆ ئەم نازناوەیان لەدەستی خۆیدایە.