رووداو دیجیتاڵ
سوودوەرگرتن لە بێئومێدییەکانی ریال مەدرید رکابەری راستەوخۆی لەسەر نازناوی لالیگا، ئامانجی یەکەمی بارسێلۆنایە لە میوانداریکردنی سێلتاڤیگۆ لە نێو یاریگەی خۆیدا
بارسێلۆنا بەر لە یارییەکە چوار خاڵ لە پێش رکابەرەکەیەتی و دەیەوێت سوود لەو شکست و تێکشکانە دەروونییە وەربگرێت کەبەسەر ریال مەدریددا هاتووە لە ناوەڕاستی هەفتەوە، کاتێک لەسەردەستی ئارسیناڵ ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کرد.
بارسا ئەوەش باش دەزانێت کە ئەرکی ئەم هەفتەیەی ریال مەدرید لە لالیگادا بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو یەکجار قورسە، هەربۆیە هەوڵدەدات بەر لە یاریی ئەو یانەیە، جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵدا بکاتە حەوت خاڵ و چاوەڕێ بێت یارییەکەی سبەی خزمەتی بکات.
بارسا هەست بەئارامی و دۆخێکی دەروونیی زۆر باشدەکات بەر لە یارییەکە. تیپەکە لە هەرسێ بەرە جیاوازەکەی نازناوەکانەوە لە هەنگاونان بەرەو سەکۆی بردنەوە بەردەوامە. بڕینی بۆرووسیا دۆرتمۆند لە چامپیۆنزلیگ، پاڵنەرێکی زیاتری بەخشیووەتە یاریزانانی یانەکە، لەپێناو هەوڵدان بۆ یەکلاکردنەوەی نازناوی لالیگا.
خەونی هەمووان لە بارسێلۆنا بووەتە بەدەستهێنانی سێ نازناوی کۆتایی وەرز و ئەوەش خەونێکە ختووکەی هەستی هەمووان دەدات و پێویستی بەوەیە تیپەکە تاوەکو دوایین ساتی وەرزەکە، لەوپەڕی وریایی خۆیدا بهێڵێتەوە لەپێناو گەیشتن بەئامانجەکە.
ئەگەرچی هانزی فلیکی راهێنەر گلەیی لە خشتەی یارییەکانی تیپەکەی هەیە لە لالیگا، بەڵام دەیەوێت دۆخەکە بەباشترین شێوە بقۆزێتەوە بۆ هەنگاونانی خێراتر بەئاراستەی یەکلاکردنەوەی نازناوی خولەکە، لە کاتێکدا وەرزەکە لە هەستیارترین کاتەکانی خۆیدایە.
پێشبینیکراوە بارسا بەهێزە تۆقێنەرەکەیەوە بێتە نێو یارییەکەوە، چونکە سێلتاڤیگۆش تیپێکی ئاسان و رکابەرێکی زوو خۆبەدەستەوەدەر نییە و دەتوانێت ئازاری بارسا بدات.
سێلتاڤیگۆ ئەگەرچی لە دوایین یارییدا لە لالیگا بەئیسپانیۆ دۆڕاوە، بەڵام لە رکابەریدایە لەپێناو بەدەستهێنانی کورسییەکی پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکانی وەرزی داهاتوو و بۆ ئەوەش زۆر پێویستی بەخاڵەکانی یارییەکەی ئەمڕۆ بەرامبەر بارسێلۆنا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ