کلاسیکۆی کوردستان.. دهۆک دوای 9 ساڵ دەگەڕێتەوە یاریگەی فرانسۆ هەریری
رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو یاریگەی فرانسۆ هەریری یارییەکی سەرنجڕاکێش بەخۆیەوە دەبینێت، کاتێک هەردوو یانەی هەولێر و دهۆک لە کلاسیکۆی کوردستاندا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
یارییەکە کاژێر 21:45 لە رکابەرییەکانی گەڕی 24ـی خولی یانە نایابەکانی عێراق دەکرێت، هەزاران هاندەر بۆ بینینەوەی کلاسیکۆیەکی دیکەی کوردستان لەنێوان هەردوو یانە کوردستانییەکەی خولی عێراق دەچنە یاریگە و یارییەکە راستەوخۆ بە کۆمێنتاریی کوردی و عەرەبی، لە هەردوو پەیجی رووداو سپۆرتس و رووداو عەرەبییە لە فەیسبووک دەگوازرێتەوە.
یانەی هەولێر کە لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا یارییدەکات، ئامادەکارییەکی زۆری بۆ ئەم یارییە کردووە، لە قۆناخی دووەمی خولی عێراقدا یانەکە ئەنجامەکانی باشن، بەشێوەیەکی گشتی لە 10 یاریی رابردوودا قەڵای زەرد، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و تاکە یانەی کوردستانە گەیشتووەتە قۆناخی هەشتی جامی عێراق.
بەر لەم یارییە دهۆک بە بارودۆخێکی سەختی داراییدا تێدەپەڕێت، لە ماوەی 77 رۆژی رابردوودا مووچەی یاریزانەکانی یانەکە نەدراوە، ئەمەش کاریگەرییەکی خراپی کردووەتە سەر دەروونی یاریزانانی تیپەکە، جگە لەوەش لە سێ یاریی رابردوودا دهۆک هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، کە یەکێکیان بووە هۆکاری ئەوەی یانەکە لە جامی عێراق بکرێتە دەرەوە.
سلێمان رەمەزان، راهێنەری یانەی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئەو دەنگۆیانەی باس لەوەدەکەن کە هەندێک یاریزانی تیپەکەمان بایکۆتی ئامادەکارییەکانیان کردووە راست نین و هەموو یاریزانەکان لەگەڵ تیپەکەن و بۆ یارییەکە ئامادەن."
راهێنەری دهۆک دەڵێت "لە رووی پێکان و ئامادەنەبوونەوە هیچ کێشەیەکمان نییە و ئامادەکاریی باشمان کردووە، بۆ ئەوەی یارییەکە بە ئەنجامێکی باشەوە تەواوبکەین."
ئێستا یانەی دهۆک لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولی یانە نایابەکانی عێراقە، بە کۆکردنەوەی 36 خاڵ.
یانەی هەولێر پلەی چواردەیەمی ریزبەندی خولەکەی گرتووە، خاوەنی 29 خاڵە و دەیەوێت هەنگاوێکی دیکە لە پلەکانی دواوەی ریزبەندی خولی نایابی عێراق دووربکەوێتەوە.
لە 2001ـەوە تاوەکو ئێستا هەردوو یانەی هەولێر و دهۆک 25 یارییان بەرامبەر یەکدی ئەنجامداوە، یانەی هەولێر 7 یاریی بردووەتەوە، دهۆک خاوەنی 8 بردنەوەیە و 10 یاریی نێوانیشیان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە، کە دوایینیان یاریی قۆناخی یەکەمی ئەم وەرزەی خولی عێراق بوو لە رکابەرییەکانی گەڕی پێنجەم.
دوایین یاریی نێوان هەردوو یانە لە یاریگەی فرانسۆ هەریری 9 ساڵ لەمەوبەر بووە لە ساڵی 2014، کاتێک لە خولی بژاردەی عێراق رووبەڕووی یەکبوونەوە و یانەی هەولێر بە گۆڵێکی لوئەی سەڵاح، بردنەوەی تۆمارکرد و یارییەکەی بە 1-0 بردەوە.