نۆیەر کێشەی خۆی لەگەڵ بایرن میونشن ئاشکراکرد

رووداو - هەولێر

مانوێل نۆیەر، گۆڵپارێزی یانەی بایرن میونشنی ئوڵمانی، بۆ جاری یەکەم قسەی لەبارەی کێشەکانی لەگەڵ یانەکەی کرد و دووپاتیکردەوە کە کێشەی ئەو پارە نییە.

مانوێل نۆیەر چەندجارێک رەتیکردووەتەوە گرێبەستەکەی لەگەڵ بایرن میونشن نوێ بکاتەوە، کە چەند سەرچاوەیەکی رۆژنامەڤانی رایانگەیاند "نۆیەر داوای مووچەیەکی بەرز لە بەرپرسانی بایرن میونشن دەکات، کە 20 ملیۆن یۆرۆی ساڵانەیە، ئەوانیش رازی نین ئەو پارەیەی پێبدەن".

ماوەیەکە بەرپرسانی بایرن میونشن هەوڵدەدەن نۆیەری تەمەن 34 ساڵان، رازی بکەن گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، بەڵام گۆڵپارێزەکە هێشتا رازی نەبووە، کە هەندێک سەرچاوەش دەڵێن ناکۆکییەکەیان لەسەر ماوەی نوێکردنەوەکەیە، گوایە نۆیەر داوادەکات گرێبەستەکەی تاوەکو 2025 بێت، بەڵام یانەی باڤاری پێیباشە تاوەکو 2023 بێت.

نۆیەر بۆ یەکەمجار لەو بارەوە قسەی کرد و بە رۆژنامەی سپۆرت بێڵدی ئەڵمانی گوت "تاوەکو ئێستا هیچ نهێنییەکی دانوستانەکانی پێشووی نێوان من و یانەکەم نەچووەتە دەرەوە، بەڵام ئەمجارە زۆر زانیاری ئاشکرابوون، ئەو بێزاری کردم، چونکە من لەسەر ئەو شتانە رانەهاتووم".

نۆیەر دووپاتیدەکاتەوە کە هەموو ئەوەی لەبارەی داواکردنی مووچەیەکی خەیاڵییەوە باس دەکرێت راست نییە و گوتی "کێشەی من پارە نییە، گرنگترین شت بەلای منەوە متمانەیە".

نۆیەر هەروەها لەبارەی ماوەی گرێبەستەکەیشەوە، گوتی "بێگومان مانەوە بۆ ماوەی 5 ساڵی دیکە زۆر جوان دەبێت، بەڵام ئەوکات تەمەنم دەبێتە 39 ساڵ، کە ناتوانم لە ئێستاوە پێشبینی بۆ ئاستی ئەوکاتم بکەم، بۆیە ئەوی لەو بارەیەوە دەگوترێت هیچ مانایەکی نییە".

نۆیەر، کە لە هاوینی 2011ەوە پارێزگاری لە تۆڕی بایرن میونشن دەکات، گوتیشی "بۆ من زۆر گرنگە بە متمانەوە کار لەگەڵ کارگێڕییەکانی یانەکەم بکەم، هەروەک چۆن یاریزان و سەرکردەیەکی دڵسۆزم بۆ یانەکەم".