سوارێز كوڕه‌كه‌ی ده‌كاته‌ گۆڵپارێز

رووداوی وه‌رزشی ـ CNBC

لویس سوارێز، هێرشبه‌ری ئۆرۆگوایی یانه‌ی بارسێلۆنای ئیسپانی، حه‌زده‌كات كوڕه‌كه‌ی وه‌ك خۆی ببێته‌ یاریزانی تۆپی پێ، به‌ڵام نایه‌وێ وه‌ك خۆی ببێته‌ هێرشبه‌ر، به‌ڵكو خوازیاره‌ ببێته‌ گۆڵپارێزێكی به‌تواناو به‌ناوبانگ.

پێده‌چێت لویس سوارێزی گۆڵكار و ئه‌ستێره‌ی بارسێلۆنا، نه‌یه‌وێ بنیامینی كوڕی رۆژێك له‌ رۆژان شوێنی ئه‌و بگرێته‌وه‌و ببێته‌ هێرشبه‌ر، به‌ڵگه‌ش ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئه‌ژماری خۆی له‌ سه‌ر تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئینستاگرام بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، كه‌ تێیدا ده‌رده‌كه‌وێ، له‌ ماڵه‌وه‌ كوڕه‌كه‌ی له‌سه‌ر چۆنیه‌تی گێڕانه‌وه‌ی تۆپ راده‌هێنێت.

 له‌و گرته‌یه‌دا به‌ روونی ده‌رده‌كه‌وێ، ئه‌و منداڵه‌ بچووكه‌ به‌ باشی راهێنانه‌كان ده‌كات، به‌ڵكو ده‌ریده‌خات به‌ توانایه‌ و ئاگاداری بنه‌ما سه‌ره‌تاییه‌كانی گۆڵپارێزییه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ شێوازی خۆفڕێدان بۆ تۆپ و چۆنیه‌تی تۆپ هاویشتن، راسته‌وخۆ دوای گرتنه‌وه‌ی تۆپه‌كه‌.

 له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ سوارێز له‌و گرته‌یه‌دا ده‌رده‌كه‌وێ، ته‌واو له‌ ئاستی كوڕه‌ گۆڵپارێزه‌كه‌ی رازییه‌، ئه‌وه‌ش له‌ هاندانه‌ به‌رده‌وامه‌كه‌ی ده‌رده‌كه‌وێ.