لێدوانی فەرمی بایرلیڤەرکوزن لەبارەی رۆشتنی ئەڵۆنسۆ لە یانەکەیان

رووداو دیجیتاڵ
 
فێرناندۆ کارۆ، بەڕێوبەری جێبەجێکاری یانەی بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی باس لە وازهێنانی چابی ئەڵۆنسۆ لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەی دەکات و دەڵێت "متمانەیەکی زۆرم هەیە کە ئەو دەمێنێتەوە."
 
ئاستە نایابەکەی ئەم وەرزەی بایرلیڤەرکوزن سەرنجی هەمووانی بۆ لای خۆی راکێشاوە، بەتایبەتی کە ئەو یانەیە تاوەکو ئێستا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا تامی شکستی نەکردووە، ئەوەش وایکردووە چابی ئەڵۆنسۆ ناوی بە چەندین یانەی گەورەی وەک لیڤەرپوول و بایرن میونشنەوە ببەسترێتەوە و بەپێی هەواڵەکان، یانە باڤارییەکە لە ئێستاوە دەستی بە گفتوگۆکانی لەگەڵ راهێنەرەکەدا کردووە و دەیەوێت لە کۆتایی ئەم وەرزەدا بیهێنێتە یانەکەوە.
 
کارۆ لەوبارەیەوە دەڵێت "چابی ئەڵۆنسۆ تاوەکو ساڵی 2026 گرێبەستی لەگەڵماندا هەیە، بۆیە هیچ هۆکارێک نابینم تاوەکو گومان لە مانەوەی لە یانەکەدا بکەم."
 
بەڕێوبەری جێبەجێکاری بایرلیڤەرکوزن زیاتر دەڵێت "لە تۆپی پێدا هەرگیز نازانیت لە داهاتوودا چی روودەدات، بەڵام من متمانەیەکی زۆرم هەیە کە ئەو دەمێنێتەوە و ئێمە پەیوەندییەکەی باشمان لە نێواندا هەیە."
 
لەم وەرزەی بوندێسلیگادا، لیڤەرکوزن لە 26 یاریدا، 22 بردنەوە و چوار یەکسانبوونی هەیە و تاوەکو ئێستا هیچ شکستێکی تووش نەبووە، بە 70 خاڵ لە پلەی یەکەم دێت و 10 خاڵ لە پێش بایرن میونشنی پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکە دێت.