تێرشتیگن سوورە لەسەر دەرپەڕاندنی نۆیەر


رووداو دیجیتاڵ

تێرشتێگنی گۆڵپارێزی ئەڵمانی، سوورە لەسەر ئاڵنگاری بەرامبەر مانوێل نۆیەر، گۆڵپارێزی سەرەکی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و دووپاتیکردەوە ئامانجی یەکەمی ئەوەیە ببێتە گۆڵپارێزی سەرەکی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا.
 
چەند رۆژێکی کەم، بەر لە دەستپێکردنی یەکەم گەڕی یارییە نێودەوڵەتییەکانی ئەمساڵ، تێرشتیگن دووپاتیکردەوە ئامانجە گەورەکەی بوونە بە گۆڵپارێزی سەرەکی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و شوێنپێلەقکردنی نۆیەر، کە ئێستا پێکانی هەیە.
 
تێرشتیگن، گۆڵپارێزی بارسێلۆنا، قسەی بۆ میدیای ئەڵمانیا کردووە، دەڵێ، "ئەوە پێشتر و ئێستاش ئامانجی سەرەکیی من بووە، ناکرێ لەبەرئەوەی گۆڵپارێزی تەنیا یارییە دۆستانەکان ئەنجام بدەیت. هەمووان بینییان چۆن لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا کارم بۆ پەرەپێدانی خۆم کرد".
 
پێشبینیدەکرێت، تێرشتێگن هەلی بوون بە گۆڵپارێزی سەرەکیی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بەدەستبهێنێت، لەدو دوو یارییە دۆستانەیەدا کە ئەڵمانیا بەرامبەر هەڵبژاردەکانی پیرۆ و بەلجیکا لە رۆژانی 25 و 28ی ئەم مانگەدا ئەنجامیان دەدات.
 
تێرشتێگن، دانیبەوەداناوە کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دووچاری "ساتی قورس" بووەتەوە.
 
ئاماژەی بەوەداوە کە بوونی بەردەوامی لەسەر کورسیی یەدەگ لە مۆندیالی 2018 کارێکی بێزارکەر بووە.
 
ئەو دەڵێ، "ئەوکات ئاستم نایاب بوو. هەوڵمدا پێشانی بدەم کە من دەتوانم گۆڵپارێزی ژمارە یەک بم لە پاڵەوانێتییەکەدا. خۆم بۆ ئەوە ئامادە دەکرد لەو مۆندیالەدا یاریی بکەم".
 
بەشێوەیەکی گشتی، تێرشتیگن (30 ساڵ) وای نابینێت کە هانزی فلیک، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، لەبەرئەوەی پێشتر لە بایرن میونشن راهێنەری نۆیەر بووە، پێشینەی یاریکردنی بداتێ.
 
ئەو گۆڵپارێزە گوتوویەتی، "بابەتەکە پەیوەستە بە ئاستەوە. لە کۆتاییدا ئەو پێکهاتەیە لەسەر یاریگە دەب کە باشترینن.. هەست بەدڵخۆشی دەکەم بەو پشتگیرییەی لەوەوە پێمگەیشتووە".