بەر لە کلاسیکۆ، بارسێلۆنا واز لە خوویەکی 31 ساڵەی دەهێنێت
رووداو دیجیتاڵ
کارگێڕیی بارسێلۆنا بڕیاریداوە واز لە خوویەکی مێژوویی خۆی لە یاری کلاسیکۆی ئەمجارەدا بهێنێت و بەوەش هاندەرەکانی لە رووداو و خوویەکی چەندین ساڵە بێبەش بکات.
ئەمشەو بارسێلۆنا لە یاریگەی کامپ نو، میوانداری ریال مەدرید دەکات لە گەڕی 26ی لالیگادا.
میدیای کەتەلۆنیا ئاشکرایانکردووە، بارسێلۆنا بڕیاریداوە لە یارییەکەی ئەمشەودا واز لە بەرزکردنەوەی تیفۆ لە نێو پەیژەکانی یاریگەوە بهێنێت.
تیفۆ ئەو دروشم یان لۆگۆ یان ئاڵا گەورەیەیە کە هاندەران بەر لە یاریی و لە کاتی یارییدا، لەسەر پەیژەکان بەرزی دەکەنەوە و هەرجارە و بۆ مەبەستێکی دیاریکراوە.
میدیای کەتەلۆنیا دەڵێن، ئەو تیفۆیەی ئەمشەو لە کامپ نودا بەرز ناکرێتەوە، لە ماوەی 31 ساڵی رابردوودا بەردەوام بەرز کراوەتەوە و لە ساڵی 1992ەوە وەک خوویەکی لێهاتووە بۆ هاندەرانی بارسا.
پێشتر بارسێلۆنا هەلی ئەنجامدانی کلاسیکۆی لەسەر یاریگەی خۆی دەقۆستەوە بۆ دروستکردنی تیفۆیەکی گەورە بۆ ئەوەی کاریگەریی لەسەر یارییەکە دروست بکات. پێشتر هاندەرانی بارسێلۆنا بەتایبەت ئەو بانەرەیان بۆ سوپاسکردنی مێسی و هاندانی بۆ درەوشانەوە، هەروەها بۆ پشتگیری تیتۆ فیلانۆڤا، لە جەنگی رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجەدا بەرزکردبووەوە. ئەمە جیا لە رێزلێنان لە یۆهان کرۆیڤ کاتێک ماڵئاواییکرد لە ژیان.
بارسێلۆنا بەر لە کلاسیکۆی ئەمشەو، 65 خاڵی کۆکردووەتەوە و بەجیاوازیی نۆ خاڵ، لە پێش ریال مەدریدی نزیکترین رکابەریەوەیەتی.