پێش یارییەکەی بارسێلۆنا، ناپۆلی بڕیارە چارەنووسسازەکەیدا

رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی ناپۆلیی ئیتاڵی واڵتەر مازاری لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەی دووردەخاتەوە، لە کاتێکدا کە دوو رۆژی دیکە یارییەکی چارەنووسساز ئەنجامدەدات. 
 
ناپۆلی بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕدەبێت، یانە ئیتاڵییەکە وەرزی رابردوو توانی نازناوی سێریا ئەی بباتەوە، بەڵام لەم وەرزەدا ئاستی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و بە 36 خاڵ پلەی نۆیەمی خولەکەی گرتووە.
 
دوای کەمتر لە چوار مانگ لە دەستبەکاربوونی وەک راهێنەری یانە ئیتاڵییەکە، بەپێی میدیاکانی ئیتاڵیا، ناپۆلی دەیەوێت دوای تەواوبوونی راهێنانەکانی ئەمڕۆی یانەکە مازاری لە ئەرکی راهێنەرایەتی تیپەکە دووربخاتەوە. 
  
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەڤان ماتیۆ مۆرێتۆ، یانەی ناپۆلی دەیەوێت فرانسێسکۆ کالزۆنا، راهێنەری هەڵبژاردەی سلۆڤاکیا وەک شوێنگرەوەی مازاری دەستنیشان بکات و راهێنەرەکەش رازی بووە پۆستی راهێنەرایەتی یانە ئیتاڵییەکە وەربگرێت، ئەمە لە کاتێکدایە کە کالزۆنا بۆ ماوەی ساڵێک وەک راهێنەری تەکنیکی لە ناپۆلی کاری کردووە. 

 

فێدراسیۆنی تۆپی پێی سلۆڤاکیا رەزامەندییان پێشانداوە کە بە لایەنی کەمەوە تاوەکو حوزەیران کالزۆنا بتوانێت لە یەک کاتدا راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی سلۆڤاکیا و یانەی ناپۆلی بکات، ئێستا تەنیا چەند ووردەکارییەک ماوە لەبارەی گرێبەست و دەستنیشانکردنی ستافی راهێنەرەکە.
 
ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە، کە رۆژی چوارشەممە، یارییەکی چارەنووسساز چاوەڕێی ناپۆلی دەکات، کاتێک لە یاریگەی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنا میوانداری یانەی بارسێلۆنا دەکات لە میانی یارییەکانی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، چاڤی هێرناندێزی راهێنەری بارساش رایگەیاندووە کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا یانەکە بەجێدەهێڵێت.