هازارد: لای من زیدان لە پێش مێسی و رۆناڵدۆوەیە


رووداو دیجیتاڵ

ئیدین هازاردی ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی بەلجیکا، باسی لە دەستنیشانکردنی باشترین یاریزان لە مێژووی تۆپی پێی کرد و باسی جیاوازیی نێوان رۆناڵدۆ و مێسی کردووە.
 
هازارد قسەی بۆ رۆژنامەی 'دەیلی مەیل'ی بەریتانی لەبارەی ئەو هەڵبژاردنەوە دەڵێ "هەڵبژاردن لە نێوان رۆناڵدۆ و مێسی؟ بەلای منەوە مێسی باشترە، ئەگەر ئەوە لەبەرچاوبگرین چ جۆرە تۆپی پێیەک ئەنجامدەدەن".
 
هازارد کە وازی لە یارییکردن هێناوە، زیاتر دەڵێ، "خەڵک بۆچوونی جیاوازیان لەوبارەیەوە هەیە، ئەگەر بیر لە گۆڵ تۆمارکردن و بەدەستهێنانی نازناوەکان بکەین، بێگومان رۆناڵدۆ باشترینی مێژووە".
 
ئەو یاریزانەی پێشووی چێڵسی و ریال مەدرید هەروەها دەڵێ، "رۆناڵدۆ ناوازەیە، ئێستا تەمەنی 38 ساڵە و لە گۆڵکردن تاوەکو تەمەنی 50 ساڵی بەردەوام دەبێت، من بەو شێوەیە بیری لێدەکەمەوە".
 
هازار لە کۆتاییدا دەڵێ، "شێوازی یارییکردنی من زیاتر لە مێسییەوە نزیکبوو، بەڵام بەبڕوای من مەزنترین یاریزان زینەدین زیدانە".