رووداو دیجیتاڵ
مەشق و راهێنانەکانی یانەی نەسڕ کێشە و ناکۆکی لێکەوتەوە و میدیاکان نهێنی پشت تووڕەیی ستیفانۆ پیۆلی، راهێنەری یانەکە لە تالیسکای ئەستێرە بەرازیلییەکە ئاشکرا دەکەن. دەشڵێن "کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئامادە نەبووە بەرگری لە هاوڕێیەکەی بکات".
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان هۆکاری سەرەکی دوورخستنەوەی ئاندەرسۆن تالیسکای بەرازیلی لەلایەن ستیفانۆ پیۆلی راهێنەرەوە لە پلانەکانیدا ئاشکرا دەکەن و دەڵێن "تالیسکا لە دۆخێکی نامۆدا دەژی لەگەڵ نەسڕ".
هەروەها دەڵێن "تالیسکا ئاسوودە نییە و بەو هۆیەوە نزیک بوو لە رۆیشتن بۆ یانەی فێناربەخچە لە تورکیا، بەڵام دانوستاندنەکان لەناکاو وەستان، بۆیە یاریزانەکە لەگەڵ تیپەکەدا دەمێنێتەوە، بەڵام لە پێکهاتە دوورخراوەتەوە لەلایەن پیۆلییەوە".
میدیای سعودی دووپاتی دەکاتەوە کە تالیسکا لە پلانەکانی نەسڕدا نەماوە و لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا دەڕوات. کارگێڕیی یانەکە بەدوای بژاردەی دیکەدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی دانوستاندنی لەگەڵدا بکات پێش ئەوەی بڕیار لەسەر ناوی ئەو یاریزانە بدات کە جێگەی ئەو هێرشبەرە بەرازیلییە دەگرێتەوە.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، تالیسکا و بەڕێوەبەری کارەکانی هەموو هەوڵەکانی ئاشتبوونەوەیان رەتکردووەتەوە، بۆیە یانەکەش لاری نییە لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بە رەزامەندی هەردوولا، بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا کە ماوە بە یانە تورکییەکە بفرۆشن.
لە کاتێکدا سەرچاوەکانی بەرنامەی سپۆرتس سکۆپ باسیان لەوە کردووە کە پیۆلی راهێنەری ئیتاڵی بە تالیسکای راگەیاندووە کە بەتەواوی لە پلانەکانی دەرچووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی یاریزانە بەرازیلییەکە لە مەشقەکانی پێش یارییەکەی نێوان نەسڕ و ئەخدوود کردوویەتی.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە خاوەنی پێگەیەکی بەهێزە لە یانەکەدا، بەهیچ شێوەیەک بەرگری لە تالیسکا نەکردووە و تەنانەت نەیویستووە لەو بارەوە قسەش لەگەڵ کارگێڕیی یانەی نەسڕ بکات.
هەمان سەرچاوە روونیان کردووەتەوە "راهێنەرە ئیتاڵییەکە تالیسکای بەوە تۆمەتبار کردووە کە کێشە لە مەشق و راهێنانەکاندا دروستکردووە، ئەمەش ناکۆکی لە نێوانیاندا دروستکردووە".
لە بەرنامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە تالیسکا زۆر نزیکە لە گواستنەوەی بۆ فێنارباخچەی تورکی، ئەگەرچی یانەی عەینی ئیماراتیش هەوڵی گواستنەوەی ئەو یاریزانەی داوە، بەڵام دەستەوارە داراییەکە وەک دەستەوارەی یانە تورکییەکە نەبوو.
تالیسکا پێشتر لەگەڵ بێشکتاش لە خولی تورکیا یاری کردووە، لەگەڵ ئەویشدا دووانەی خول و جامی بەدەستهێناوە.
تالیسکا لە هاوینی 2021 پەیوەندی بە یانەی نەسڕەوە کرد، کە لە یانەی گوانگژۆ ئێڤەرگراند لە چینەوە هاتبوو، گرێبەستەکەی بۆ ماوەی 3 وەرز درێژ دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ