کارلۆ ئەنچیلۆتی: ریال مەدرید نەمردووە

رووداو دیجیتاڵ

 

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، دووپاتیدەکاتەوە کە هەندێک پێیانوایە ریال مەدرید مردووە، بەڵام ئەوان هەرگیز خۆیان بەدەستەوە نادەن، دەشڵێت "یارییەکەمان بەرامبەر ڤیاریال یارییەکی سەختە، ئاڵۆزە، بەڵام ئێمە حەماسەت و ئیرادە و پاڵنەرمان هەیە بۆ ئەوەی ئەمە تێپەڕێنین".
 
ئەمشەو کاژێر 22:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە جامی شای ئیسپانیا، یانەی ریال مەدرید لەسەر یاریگە لاسیرامیکا دەبێتە میوانی یانەی ڤیاریال.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، قسەی بۆ میدیاکاران کرد و گوتی "ئەم یارییەمان بە دەرفەتێک دەبینین بۆ جێهێشتنی ئەم ساتە. ئێمە بە ساتێکی سەختدا تێدەپەڕین، کە بەزۆری لە وەرزدا روودەدات. تا زووتر بەجێیبهێڵین باشترە بۆ ئێمە. چانسی ئێمەیە. یارییەکی سەختە، ئاڵۆزە، بەڵام ئێمە حەماسەت و ئیرادە و پاڵنەرمان هەیە بۆ ئەوەی ئەمە تێپەڕێنین".
 
کارلیتۆ لە درێژەی لێدوانەکانیدا، گوتی "هەمووان وا گریمانە دەکەن کە ریال مەدرید مردووە، بەڵام پێویستە لەم دینامیکیە دەربچین کە ئەرێنی نییە و ئازاربەخشە، بەڵام پێویستە ئارام و متمانەمان بەخۆمان هەبێت. هێشتا وەرزەکە زۆر درێژە و پێویستە بەرگەی بگرین. قۆناخێکی سەختمان لە پێشە، بەرامبەر تیپە بەهێزەکان یاری دەکەین، بەڵام شتێکی نەگۆڕ هەیە، هەرگیز خۆمان بەدەستەوە نادەین".
 
راهێنەرە ئیتاڵییەکەی یانەی شاهانەی ئیسپانیا، زیاتر باسی یانەکەی کرد و گوتی "ئەمە ساتێکی راگوزەرە، ئێمە لە کاتێکی نایابەوە دەڕۆین بۆ کاتێکی جیاواز. رۆژێک دێت کەریم و کرووس و مۆدریچ واز لە یاریکردن بهێنن، هیوادارم ئەمە دوای چەندین ساڵی دیکە بێت، یاریزانەکانی دیکە ئەم تیپە وەربگرن، ئەمە کۆتایی نییە، سەرەتایەکە لە خولێک".