"ئەگەری هەیە ئەمشەو لامپارد دووربخرێتەوە"


رووداو دیجیتاڵ

لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا، میدیای بەریتانیا دەڵێت، ئەگەری هەیە ئەمشەو فرانک لامپارد، لە پۆستی راهێنەرایەتیی یانەی چێڵسی دووربخرێتەوە.

لە رکابەرییەکانی گەڕی 18ـی پرێمەرلیگ، ئەمشەو چێڵسی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی لێستەر سیتی یارییدەکات، لەو یارییەدا کە کاژێر 23:15 دەکرێت، میدیای بەریتانیا رایگەیاند، لە ئەگەری دۆڕان لە یارییەکەدا لامپارد لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە.

لە ماوەی رابردوودا ئاستی چێڵسی ناڕەزایەتییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، لەکاتێکدا یانەکە لە گواستنەوەی هاوینی رابردوودا 222 ملیۆن یۆرۆی خەرجکرد و چەند یاریزانێکی نوێی گواستەوە.

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، لامپارد خراپترین راهێنەری سەردەمی رۆمان ئەبرامۆڤیچی خاوەنی یانە لەندەنییەکەیە، لەکاتێکدا لە دوای 2033ـەوە ئەو یانەکەی کڕیوەتەوە و لەو کاتەوە 12 راهێنەر یانەکەیان وەرگرتووە.

چێڵسی ئێستا لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولی ئینگلتەرا خاوەنی 29 خاڵە و نەیتوانی بەرگری لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە بکات، ئەمەش لامپارد و تیپەکەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر کردووەتەوە.

لامپارد لەو کاتەی بووەتە راهێنەری یانەکە 1.7 خاڵی بۆ هەر یارییەک بەشێوەی رێژەیی بەدەستهێناوە، کە ئەمە کەمترینی راهێنەرەکانی سەردەمی ئەبرامۆڤیچە، کە پێشتر فیلاش بواشیش هەمان رێژەی هەبووە، بەڵام ئەمە دوایینیان 27 یاری راهێنەری یانەکەبوو، کەچی لامپارد ئەمڕۆ یاریی ژمارە 57ـی وەک راهێنەری یانە لەندەنییەکە ئەنجامدەدات.

ئەفرام گرانت، باشترین راهێنەری یانەی چێڵسی بووە، لەکاتێکدا 2.31 خاڵی بۆ هەر یارییەک بەدەستهێنا، لە وەرزی 2007-2008 یانەکەی گەیاندە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، لە یاریی کۆتاییدا دۆڕان، پاشان ئەبرامۆڤیچ راهێنەرەکەی دوورخستەوە.

مۆرینیۆ دووەم باشترین راهێنەری سەردەمی ئەبرامۆڤیچە لە یانەکەدا، لەکاتێکدا یانەکە لە ویلایەتی یەکەمی کارکردنی مۆرینۆیدا 2.19 خاڵی بۆ هەر یارییەک بەدەستهێنا و راهێنەرەکە سێ نازناوی پرێمەرلیگی لەگەڵ یانەکە بردووەتەوە.